ئه‌ردۆغان دوائاماری بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و باری نائاسایی راگه‌یاند

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ وتارێكدا، كه‌ ئێستا راسته‌وخۆ له‌ میدیاكانی توركیاوه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، دوائاماری گیانله‌ده‌ستدان و بریندارانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی دوێنێی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند.

سه‌رۆكی توركیا ده‌ڵێت، تا ئێستا 3549 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ و 22168 كه‌سیش بریندارن.

سه‌رۆكی توركیا هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، بۆ ماوه‌ی سێ مانگ باری نائاسایی له‌و شوێنانه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت، كه‌ دووچاری بوومه‌له‌رزه‌ بوونه‌ته‌وه‌.

باری نائاسایی له‌ وڵات، یان له‌ شوێنێك كاتێك راده‌گه‌یه‌ندرێت كه‌ پێشهاتێكی نه‌خوازراوی سیاسی یان ئاسایش، یان كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی سروشتی بێته‌پێشه‌وه‌.

سه‌رۆكی توركیا له‌ وتاره‌كه‌یدا هه‌روه‌ها وتی، زیاتر له‌ 5 ملیار دۆلار بۆ یارمه‌تیدانی زینلێكه‌وتووان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ دابین ده‌كه‌ن، كه‌ 53 هه‌زار و 317 كه‌س له‌ رزگاركردن و دۆزینه‌وه‌ی بێسه‌روشوێنه‌كان كارده‌كه‌ن.

ئه‌ردۆغان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، تا 13ی ئه‌م مانگه‌ ده‌وامی خوێندن له‌ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌ و زانكۆكانی توركیا ده‌وه‌ستێت، هه‌روه‌ها له‌و ناوچانه‌ی به‌ر بوومه‌له‌رزه‌كه‌ كه‌وتوون، تا 20ی ئه‌م مانگه‌ ده‌وام نابێت.

سەرلە بەیانی رۆژی دووشەمە 6ی شوبات بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 لە هەردوو وڵاتی تورکیا و سووریای دا، بە پێی دواترین ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لە 5000 هەزار كه‌س گیانیان له‌ ده‌ست دا و به‌ هه‌زاران كه‌سیس بریندارن، جگه‌ له‌وه‌ی به‌ سه‌دانی دیكه‌ش له‌ ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه‌كان بێسه‌رشوێنن و به‌ هه‌زاران كه‌سیش له‌ هه‌ردوو وڵات بێ ماڵ و حاڵ ماوه‌نه‌ته‌وه‌.