ئەمڕۆ شاندى هەرێم چى بە بەغدا دەڵێن؟

چارەنوسى موچەى مانگى 12 چى لێدێت؟

964+

وریا فەتاح

بڕیارە شاندى هەرێم لە بارەى موچەى مانگى 12ـى ساڵى پار، لەگەڵ وەزارەتى دارایى گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەى ئەو پارەیەى لەبەردەستى وەزارەتى دارایى هەرێمە لەگەڵ بڕێکى دیکە لە بەغداوە بتوانن موچەکەى پێ تەواو بکەن.

بەقسەى بەرپرسانى حکومەتى هەرێم بێت، لەم هەفتەیەدا دەبێت موچەى مانگى یەک بێت، بەڵام موچەى مانگى 12 هیچ باسى نییە.

سەرچاوەیەک لە شاندى باڵاى هەرێم بە 964ـى وت،”حکومەتى هەرێم 300 بۆ 350 ملیار دینارى لەبەردەستە، بۆیە لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دارایى عێراق گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەى لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەى حکومەتى هەرێم هەیەتى و ئەوانیش هاوکاربن لە تەواوکردنى ئەو بڕەى ماوە بۆ ئەوەى بتوانین موچەى مانگى 12ـى پێ تەکمیلە بکەین و موچەى پێ بدەین”.

بە وتەى ئەو سەرچاوەیە، جگە لە گفتوگۆکانیان لە بارەى خشتەى موچەى فەرمانبەران و موچەى تەواوى ساڵى 2025، شاندى هەرێم دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت موچەى مانگى 12ـى فەرمانبەران تەکمیلە بکات، وەک ئەوەى دەیڵێت، جا ئەگەر بەقەرزیش بێت یان لەو شایستە داراییانەى دیکەش بێت کە بەپێى یاساى بودجە وەک پشکى هەرێم بەرى دەکەوێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەینى رابردوو، ئاوات جەناب نورى وەزیرى دارایى و ئابووریى هەرێم لە بەغداوە وتى،”بەهیواین رۆژى یەکشەممە (واتا دوێنێ)، بەغدا پارەى موچە بنێرێت”، بەڵام یەکشەممە تێپەڕى و موچە نەهات، وتەبێژى حکومەتیش دوێنێ وتى، لە کۆبوونەوەى شاندى هەرێم و بەغدا وا وتراوە کە لەم یەک دوو رۆژە دەبێت موچە بێت، بەڵام ئەوەى ئەوان باسیانکرد موچەى مانگى 1ـى ئەمساڵ بوو نەک 12ـى پار.

چوار رۆژە شاندێکى باڵاى هەرێم لە بەغدایە و لەگەڵ شاندى وەزارەتى دارایى عێراق لە سێ رۆژى رابردوودا کۆبوونەوەى چڕ و بەردەوامیان کردووە، ئەمڕۆ بەهەمانشێوە کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن.

لەم یەک دوو رۆژە موچە دێت

لەم یەک دوو رۆژە موچە دێت