کێڵگەیەکى نەوت لە هەرێمی کوردستان _ وێنە: ئاژانسەکان
"بەغدا هیچ بیانویەکى نەماوە تا پارە نەنێرێت"
هەموارى یاساى بودجە پەسەندکرا و هەناردەى نەوتى هەرێم دەستپێدەکاتەوە
964+
وریا فەتاح
ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، دەنگیدا بە هەموارى یاساى بودجە ى گشتى فیدڕاڵى بۆ ساڵانى دارایى و 2023 و 2024 و 2025 و جێگرى سەرۆکى پەرلەمانیش دەڵێت، بەغدا هیچ بیانویەکى نەماوە بۆ نەناردنى بوجە.
نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەکانى عێراق بە 964ـى وت”، لە دانیشتنى ئەمڕۆدا، ئەنجومەنى نوێنەران دەنگیدا بە هەموارى یاساى بودجە”.
دەشڵێت: بەپێى مادەى 12 لە هەموارى یەکەمى یاساى بودجە کە تایبەتە بە تێچووى نەوتى هەرێم، رێگەدەدات لێرە بەدواوە هەناردەى نەوتى هەرێم لە بەندەرى جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە.
” لێرە بەدواوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەبەندەری جیهانەوە دەستپێدەکاتەوە، بەڵام لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ وە بەبازاڕی دەکرێت”، نەرمین مەعروف وا دەڵێت.
لاى خۆیەوە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە پەڕەى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک نوسیویەتى،”سوپاس بۆ خودا لە پەرلەمان دەنگ لەسەر هەمواری یاسای بودجە دراو هیچ بیانویەک لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و نەناردنی بودجەی هەرێم نەما”.
مادەی دوانزە/ دووەم/ ج لە هەموارى یاساى بودجەى عێراق تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت وەک سلفە دەدرێتە هەرێم بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت، تا ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی پسپۆر کە لەماوەی 60 رۆژى دواى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، بە رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەستنیشاندەکرێت.
بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی، هەرێم دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکات یان لەرێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبێنێت.
دوای بڕیارێکی دەستەی ناوبژیوانى پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا، رۆژى 25ـى ئادارى 2023، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیرا.
لەکاتێکدا بۆڕى نەوتى عێراق- تورکیا، نزیک دەبێتەوە لە دوو ساڵ هەناردە نەوتى لێوە ناکرێت، بەڵام بەپێى ئەو زانیارییانەى کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) خستویەتییە روو، عێراق رۆژانە 800 هەزار دۆلار سزا دەدات ئەوەش لەبەر ئەوەى نەیتوانیوەى مەرجى رێککەوتنەکە بۆ بۆ بۆرى نەوتى عێراق- تورکیا، جێبەجێ بکات.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان “ئەپیکۆر” لە هەشت کۆمپانیای سەرەکیی بەرهەمهێنەری نەوت پێکدێت، لە دواى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم رۆژانەى 200 هەزار بەرمیل لە نەوتى هەرێم بەرهەمدەهێن و لەناوخۆدا ساغى دەکاتەوە.
پێشتر کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان “ئەپیکور”، راپۆرتى زیانەکانى راگرتنى نەوتى هەرێمى کوردستانى بڵاوکردە و بەپێى زانیارى کۆمەڵەکە، راگرتنەکە لە ماوەى یەک ساڵدا 11 ملیار دۆلار زیان بە عێراق و حکومەتى هەرێم و کۆمپانیاکانى بوارى نەوت گەیشتووە.