سلێمانى
دوو بازرگانى مادەى هۆشبەر بە حەوت کیلۆگرام مادەی مەریجوانەوە دەستگیرکران
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەرى بە حەوت کیلۆگرام مادەى هۆشبەرەوە دەستگیرکرد.
بازرگانەکان ویستویانە لە دەورووبەرى سلێمانییەوە بیگوازنەوە شارى کەرکوک.
ئاسایشى سلێمانى لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، دواى بەدواداچوون و کۆکردنەوەى زانیارى و لەسەر فەرمانى دادوەرى لێکۆڵینەوەى ئاسایش، تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتى نەهێشتنى مادە هۆشبەرەکان، توانیان شکست بە پیلانێکی گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بهێنن کە بازرگانان بە نیازبوون ماددەکە لە دەوروبەری سلێمانیەوە بۆ شاری کەرکوک بگوازنەوە.
وەک باسى دەکات، لە چالاکییەکەدا دەستگیراوە بەسەر بڕى حەوت کیلۆگرام مادەى هۆشبەرى جۆرى مەریجوانە.
جەختیشکراوەتەوە لە ئێستادا تۆمەتباران بە مادەى 25ـى یاساى بەرەنگاربوونەوەى مادە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان، راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.