ئامانجەکە کەمکردنەوەی رووداوی هاتوچۆیە
هاوڵاتی خۆبەخش لە دوزخورماتوو تاسەکانی سەر رێگەی بەغدا رەنگ دەکەن
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ژمارەیەک هاوڵاتی خۆبەخش، تاسە و بەربەستەکانی سەر رێگای گشتی کەرکوک بۆ بەغدای پایتەخت، لەناو سەنتەری قەزای دوزخورماتوو بۆیە دەکەن.
هەوڵەکە بۆ ئەوەیە، شۆفێرانی ئەو رێگەی تاسەکان ببینن و تووشی هیچ رووداوێکی نەخوازراو نەبن.
عەلی ئەمین، یەکێک لەو هاوڵاتیە خۆبەخشانەیە ئەو بە 964ـی وت، ئەو تاسانەی دروستکراوە لەسەر شەقامە گشتییەکە بەرزن و هیج هێما و فسفۆر و بۆیاغێک نەکراون، زۆرجار شۆفێران تاسەکانیان نەدەبینی بەتایبەت لە شەواندا، ئەمەش دەبووە هۆی رووداوی هاتوچۆ، ئێمەش لەسۆنگەی بەرپرسیاریەتییەوە هەستاین بە بۆیەکردنی سەرجەم ئەو تاسانەی کە دروستکراوە، لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتی و شۆفێران.
عەمید موئەیەد عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆی گشتی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، ئەو گەنجە خۆبەخشانە سەردانیان کردوون و ئێمەش رەزامەندیمان پێداون لەسەر کارەکەیان و تیمەکانیان راسپاردووە، هاوکاریان بن لە کاتی بۆیەکردنی تاسەکان.
سەبارەت بە نەبوونی رێنمایی و هێماکانی هاتوچۆ لەناو سەنتەری قەزاکەدا، وتی، نوسراویان بۆ سەرووی خۆیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە، لە کاتی دابینکردنی کەرەستەکان، ئەوان لەسەر شەقامەکان دایدەنێن و ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
شەقامی گشتی دوزخورماتوو دەکەوێتە سەر رێگای کەرکوک بەغدا، زۆرجار ئەو شۆفێرانەی لە دەرەوەی دوزخورماتوون و شارەزای رێگاکە نەبوون بەتیژڕەوییەوە لەو تاسانە دەدەن، لە چەند رۆژی رابردوودا ئۆتۆمبێلێک بەتیژڕەوییەوە لە یەکێک لەتاسەکانی داو وەرگەڕا، بەهۆیەوە دوو سەرنشینی برینداربوون.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا