وەزرەتی دارایی عێراق راگەیەندراوی هەیە

“تەیف سامی کۆبوونەوەکانی بەجێنەهێشتووە و تا شەو درەنگ کار دەکەن”

964+
ئەحمەد مستەفا

لە کاتێکدا خەبەر باسی ئەوە گەرمە، سبەی یەکشەممە وەزارەتی دارایی عێراق گوژمەی یەکەمی خۆی بۆ موچەی مانگی یەکەمی 2025ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێ، وەزارەتی دارایی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ، ئەمڕۆ وەزیر بەشداری هەموو کۆبوونەوەکانی کردووە و هەوڵەکان بۆ ئەوەن، کارەکان بە ئەنجام بگەن.

وەزارەتی دارایی عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا ئەمشەو 1.2.2025 ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو تۆمەتانەی کە باس لەوە دەکەن وەزیری دارایی، تەیف سامی، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان بەجێهێشتووە، کە لەسەر بانگهێشتی جێگری سەرۆکی حکومەتی عێراق و وەزیری دەرەوە فوئاد حوسێن، بۆ گفتوگۆکردن یەکلاکردنەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم ئەنجامدراوە، راست نیە.

بە قسەی وەزارەتەکە، وەزیر تەیف سامی بەشداریی لە سەرجەم ئەو کۆبوونەوانە کردووە کە لەو بارەوە بەڕێوەچوون، کە دیدارەکان شایەتحاڵی گفتوگۆی بەرفراوان بوون بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە کە مافەکانی سەرجەم هاوڵاتیان زامن بکات، بەپێی رێکارە یاسایی و داراییە کارپێکراوەکان.

دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە وەزیری دارایی داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی لە وەزارەتی دارایی کردەوە، بۆ وردبینی و پشتڕاستکردنەوەی لیست و تێچووی ساڵانە، مانگانە و نوێکردنەوەی پێویست بە زووترین کات، وەزارەتەکە ئەوە دووپاتدەکاتەوە، کە کارەکان بەردەوامن لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکان و لیژنە تەکنیکییەکانی هەردوولا، لە بەیانییەوە تا درەنگانی ئەمشەو بەمەبەستی وردبینی و هاوتاکردنی داتاکانی موچەی خانەنشینانی مەدەنی، گرێبەست و چاودێری کۆمەڵایەتی.

ئەوە لە کاتێکدا، سەرچاوەکانی نزیک لە کۆبوونەوەکەکان، وەک خەبەر و باسی پاش کۆبوونەوەکان، باس لەوە دەکەن وەزارەتی دارایی عێراق، لەگەڵ ئامادەبوونی لیستی موچە، دەستدەکات بە خەرجکردنی موچەی مانگی یەکی ساڵی 2025ی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، کە رەنگە بڕەکەی 950 ملیار دینار بێت.

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان: كۆبوونەوەكان لە بەغد...

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان: كۆبوونەوەكان لە بەغدا بەردەوامن