دیمەنی قەزای پێنجوێن _ وێنە: 964
پۆلیسی سلێمانی وا دەڵێت
ئەو کەسەی بە تۆمەتی کوشتنی ژنەکەی پێنجوێن دەستگیرکراوە رادەستی هەرێم نەکراوە
+964
کامیار کەمال – پێنجوێن
ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی ژنێک لە قەزای پێنجوێن و دواتر هەڵات بۆ دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە، بەڵام رادەستی پۆلیسی سلێمانی نەکراوە.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەو بارەیەوە بە 964ـی راگەیاند، ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی ئەو ژنە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی پێنجوێن بووە و دوای تاوانەکەش هەڵاتوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.
وتیشی، ئەو هەواڵانەی باس لە رادەستکردنەوەی دەکەن بە پۆلیسی سلێمانی راست نییە و تەنها دەنگۆیە و رادەستکردنەوەشی هەروا ئاسان نییە.
باسی لەوەشکرد، ئەو پرسە لەسەر ئاستی وڵاتێکە و دەبێت وەزارەتی ناوخۆ بەو کارە هەستێت و دوای رازی بوونی وڵاتی ئێران ئەو کات دەتواندرێت تۆمەتبار بگەڕێندرێتەوە.
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، تا ئێستاش دۆسیەکە کراوەیە و تۆمەتبار دانی ناوە بە تاوانەکەیدا و ئاگاداریشن کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبار دەستگیرکراوە.
رۆژی 15.1.2025 تەرمی ژنێک بە پارچە کراوی لە ماڵێکی قەزای پێنجوێن دۆزرایەوە و دۆزینەوەکەش دوای زیاتر لە یەک هەفتە بوو بەسەر ئەنجامدانی تاوانەکە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی