چارەنووسی نادیارە

ژنێکی کورد لە بۆکان دەستبەسەر کرا

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەفرین مەحموودی، كە هاوڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی كوردستانە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەكەی خۆیدا دەستبەسەر كراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویكردەوە، بە پێی ئەو راپۆرتانەی پێیانگەیشتووە، لە پێنجشەممەی رابردووەوە بەفرین مەحموودی، هاوڵاتیی خەڵکی بۆکان لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری، دەستبەسەر كراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، كە بە رێكخراوەكەی راگەیاندووە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاوڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووس و بارودۆخی ژنەكە، تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.

سەرچاوەكە باسی ئەوەی نەكردووە بەفرین مەحموودی چ كارەیە، بەڵام دەڵێت، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی وردیان لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە سەپێندراوەکان و شوێنی راگرتن و چارەنووسی ئەو ژنەیان دەستنەكەوتووە.