"بۆ ئەم هاوینە کێشەی کەمئاوییان نابێت"
پڕۆژەی ئاوی خورماتوو پاكدەكرێتەوە و كارەباكەشی چاكدەكرێت
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
تیمێکی ئەندازیاری سەڵاحەدین، هەڵمەتێکی نۆژەنکردنەوە و گۆڕینی سەرجەم ماتۆڕ و کێبڵەکانی کارەبای ناو وێستگەی سەرەکیی پڕۆژە ئاوی خورماتوو ئەنجام دەدەن، کە جگە لە خورماتوو، ئاوی قەزای کفریشی لەسەرە و لە ئێستاوە بۆ وەرزی هاوین ئامادەکاری دەکرێت.
ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی خورماتوو بە 964ـی وت، ساڵانێکە ئامێر و ماتۆڕەکانی پێدانی ئاوی ناو وێستگەکەیان نەگۆڕاون و کۆن بوون، بەشێکیشیان لەکارکوتوون، بۆیە بەنیازن پێش هاتنی وەرزی هاوین سەرجەم کێشەکانی کەمیی ئاوی هەردوو قەزای خورماتوو و کفری چارەسەر بکەن، بەو پێیەی ساڵانە گرفتی کەمیی ئاو روویان تێدەکات.
زیاتر لە 100 دوكان و خانوو لە خورماتوو دەڕووخێندرێن
وتیشی، جگە لەوە تیمێکیان راسپاردووە بۆ پاککردنەوەی حەوز و خەزانەکانی پڕۆژەی ئاوی خورماتوو، چونکە ساڵانێکە ئەو خەزانانە پاک نەکراونەتەوە و لە ئێستاوە دەستیان بەپاککردنەوە و ئامادەکارییەکان کردووە، کە ماوەی 10 رۆژ دەخایەنێت.
پڕۆژەی ئاوی خورماتوو جگە لەوەی سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی ماڵانی خورماتووە، قەزای کفری و دەوروبەریشی لەسەرە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا