مەترسن، بەڵام ئاگاداربن

ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی بەهێز هەیە و ئەوەی ئەمڕۆ روویدا بێ وێنە بوو

میلاد جەلال – گەرمیان

بە گشتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵی بوومەلەرزە نییە و سەلامەتە، بەڵام ئەوەی ئەم چەند رۆژە روودەدات ئاماژەیەکی خراپی تێدایە و ترس هەیە بوومەلەرزەی بەهێزتر رووبدات، ئەمە هەمووی قسەی شارەزایەکی کەشناسییە.

سیروان ساڵح شارەزای کەشناسییە و چەند ساڵە چاودێریی دۆخی کەشناسی و بوومەلەرزە دەکات و زۆرجاریش پێشبینییەکانی راست بوون، باسی دەکات ئەو بوومەلەرزەیەی ئەم چەند رۆژە روودەدات، کاریگەری بوومەلەرزەکەی مانگێک لەمەوبەری پلێتی ئەفریقییە.

بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆی کەرکوک زیاتر سیروان ساڵحی ترساندووە، چونکە وەک ئەو دەڵێت، پێشتر داتای لەو شێوەیە تۆمار نەکراوە، بە 964ـی وت، ”قوڵایی ئەوەی ئەمڕۆ زۆر زۆر بوو، نیشانەی ئەوەیە پلێتی عەرەبی لە ناخەوە جوڵاوە، بۆیە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی بەهێزتر لە ئارادایە”.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، بە قسەی سیروان ساڵح بەگشتی سەلامەتە، چونکە لەسەر هێڵی بوومەلەرزە نییە، بەڵام ”نێوانی قەسری شیرین و کەلار لەگەڵ پێنجوێن فشاری زۆریان لەسەرە”.

سیروان ساڵح دەڵێت، ”پێشبینی ناکرێت لای خۆمان لە هەرێمی کوردستان بوومەلەرزەی سەروو پێنج پلە رووبدات”.