رێژەی توشبووی ژن زیاترە لە پیاو
ساڵی رابردوو نزیکەی 360 توشبووی شێرپەنجە لە گەرمیان تۆمارکراوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە ساڵی رابردوو 361 کەس کە توشبووی شێرپەنجەن، ناوی خۆیان لای رێکخراوی زریان بۆ رووبەڕوبوونەوەی شێرپەنجە تۆمارکردووە، وتەبێژی رێکخراوەکەش دەڵێت، ”ئامارەکانی توشبوونی شێرپەنجە لە گەرمیان ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر دەبێت”.
دڵنیا جیھاد، وتەبێژی رێکخراوی زریان بە 964ـى وت، ”ئاماری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە گەرمیان، ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر دەبێت، رێژەی توشبووی ژنیش زیاترە لە پیاو، لە ساڵی رابردوو 361 کەسی توشبوو خۆیان تۆمارکردووە، لەوانەش 235یان ژنن”.
“رێژەی توشبووانی شێرپەنجە لە گەرمیان زیاترە لەو ئامارەی لای ئێمەیە، چونکە تەنیا ئەوانە خۆیان تۆمار دەکەن، کە دۆخی داراییان زۆر خراپە، ئیمەش لە رێگەی خێرخوازەوە مانگانە ھاوکاریان پێدەدەین.” دڵنیا جیھاد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانی دووشەممان ناوی توشبووان تۆمار دەکەین لە رێگەی فۆرمێکەوە، ئەو کەسەش دەبێت کۆدی نەخۆشخانەی ھیوای ھەبێت، بۆئەوەی دڵنیابینەوە کە توشبووی شێرپەنجەیە”.
باسی لەوەشکرد، ”لە سەرەتای دامەزراندنی رێکخراوەکەمان تا ئێستا زیاتر لە ھەزار و 300 توشبووی شێرپەنجەمان تۆمارکردووە”.
رێکخراوی زریان بۆ رووبەڕووبونەوەی شێرپەنجە، لە ساڵی 2018 دامەزراوە، رێکخراوێکی خێرخوازیە تایبەت بە توشبووانی شێرپەنجە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر