مانچێسته‌ر سیتی…به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

پێشبینیی ده‌كرێت یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتیی ئینگلیزی سزایه‌كی قورس بدرێت، دوای ئاشكرابوونی پێشێلكارییه‌ داراییه‌كانی، كه‌ ماوه‌ی 14 ساڵه‌ ئه‌نجامیان ده‌دات.

تۆڕی سکای سپۆرتی بەریتانی ئاشکرای کردووە، پێشبینی دەکرێت خولی نایابی ئینگلیزی کۆمەڵێک سزا دژی یانه‌ی مانچێستەر سیتی دەربکات، دیارترینیان لێسه‌ندنه‌وه‌ی چه‌ند نازناوێكن، کە لە ماوەی پێشێلكارییه‌ داراییه‌كانیدا بەدەستی هێناون.

هه‌روه‌ها ده‌سته‌ی خولی ئینگلیزی “پرێمەرلیگ” ئێوارەی دووشەممە رایگەیاند، ژمارەیەک سەرپێچی مانچێسته‌ر سیتی گواستراونەتەوە بۆ لیژنەیەکی چاودێریی تایبەت.

مان سیتی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، بە تایبەتی لە پێنج ساڵی رابردوودا، زیاتر لە یەک ملیار پاوەندی بۆ گرێبەستەکان خەرجکردووە.

روونیشیکردەوە، رەنگە سزاکان قەدەغەکردنی یارییەکان لە یاریگای ئیتیحاد، یان لێبڕینی خاڵەکانیش لەخۆ بگرێت، وەک ئەوەی لەگەڵ یۆڤێنتۆس له‌ ئیتالیا روویداوه‌، ئەمە جگە لەوەی ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەندێک لەو یارییانەی تیپەکە لەم وەرزەدا ئەنجامیداوە، بڕیاری لێبدرێت.

ده‌سته‌ی پرێمه‌رلیگ ئاماژەی بەوەش کردووە، سزاکان ئەگەری زۆری دەرکردنی یانه‌كه‌ لە خولی ئینگلیزی، یان سەپاندنی غەرامەیه‌كی زۆر لەخۆدەگرێت، لەنێو ئەو سزایانەشدا وه‌ستاندنی یانه‌كه‌یه‌ له‌ واژووكردنی گرێبه‌ستی نوێی یاریزانان.

مانچێسته‌ر سیتی 14 ساڵە هەمووان فریو دەدات

تۆڕی “سکای سپۆرت” لیستی ئەو سەرپێچیانەی پشتڕاستکردووه‌ته‌وه‌، کە مانچێستەر سیتی لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا ئەنجامی داون، به‌ دیاریكراوی لە وەرزی 2009-2010 تا ئێستا.

ده‌سته‌ی خولی نایابی ئینگلیزی مان سیتی تۆمەتبار دەکات بەوەی زیاتر لە 50 جار لەسەریەک راپۆرتی دارایی نادروستی پێشکەش بە پرێمەرلیگ کردووە.

هەروەها لە لیستی تۆمەتەکاندا هاتووە، مانچستەر سیتی وردەکاری نادروستی لەبارەی ئەو بڕە پارانە داوە، کە زیاتر لە هه‌شت جار لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2013 بە راهێنەرانی داوە، ئه‌مه‌ش پێشێلكارییه‌ به‌رامبه‌ر یاساكانی یاریی دارایی خاوێن، كه‌ فیدراسیۆنی ئه‌وروپا دایناوه‌.

ئه‌مه‌ چۆن ئاشكرا بوو؟
رۆژنامه‌ی تایمزی به‌ریتانی بڵاویكرده‌وه‌، هاككه‌رێكی پۆرتوگالی به‌ ناوی رۆی پینتۆ، توانیویه‌تی تۆمار و داتای ژماره‌یه‌ك یانه‌ی و بریكاری یاریزانان له‌ جیهاندا هاك بكات، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌ده‌ستی هێناون، راده‌ستی گۆڤاری دێرشپیگڵی ئه‌ڵمانی كردووه‌، كه‌ گۆڤاره‌كه‌ش به‌ زنجیره‌ زانیاری و ورده‌كارییه‌كانی بڵاوكرده‌وه‌.