بانكه‌كانى عێراق روویان له‌هه‌رێم كردووه‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ماوه‌ى دوو رۆژی رابردوودا لقی بانكێكی عێراقی له‌ پارێزگاى دهۆك كرایه‌وه‌و بڕیاره‌ به‌م زووانه‌ش دووه‌م بانكى عێراقی له‌هه‌ولێر بكرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش لقێكی بانكی ناوه‌ندی عێراق ده‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌وهی ئاشكرا كرد كه‌ كاره‌كانی كردنه‌وه‌ی لقێكی بانكی ناوه‌ندی عێراقی له‌ هه‌رێمى كوردستان  له‌قۆناغی كۆتاییدایه‌.

له‌ راگه‌یاندراوێكی وه‌زاره‌تدا كه‌ رۆژى 6ـى شوبات بڵاویكردۆته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، كه‌ “كردنه‌وه‌ی لقێكی بانكی ناوه‌ندی عێراق به‌ ناوی بانكی نیشتیمان له‌ قۆناغی كۆتاییدایه ‌و دوای ده‌ستبه‌كاربونی ئه‌و بانكه‌ سه‌رپه‌رشتی سیاسه‌تی دارایی و ستراتیژی كاری بانكه‌كان ده‌كات”.

له‌لایه‌كى دیكه‌ش رۆژى 5ی شوباتی 2023، بانكی بازرگانی عێراق لقێكی خۆی لە پارێزگای دهۆك كردەوە.

د.عه‌لى ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك، لە پرێس كۆنفرانسێكدا، دڵخۆشیى خۆی به‌ كردنه‌وه‌ى لقی ئەم بانكە لە پارێزگای دهۆك ده‌بڕى و، وتیشی “كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی لەم بانكە دەكات، بۆ ئەوەی ژێرخانی بانكی لە هەرێمی كوردستان دەوڵەمەند بێت.”

بانكی بازرگانیی عێراقیش جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە لە رێگەی ئەم لقەیەوە چەندین خزمەتی بەرچاو لە پارێزگای دهۆك پێشكەش دەكات، وەك پێدانی قەرز بە خەڵك، بەتایبەتی كە بۆ كاری بازرگانی بێت.

ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌هۆى بوونى قه‌یرانى دارایی و دواكه‌وتنى حكومه‌ت له‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ له‌كاتى خۆیدا، له‌ بانكه‌كانى هه‌رێمی كوردستان هیچ خزمه‌تگوزاریی و پێشینه‌و قه‌رزێك به‌هاوڵاتیانى هه‌رێمی كوردستان نادرێت، له‌كاتێكدا ده‌یان بانكى عێراقی له‌ ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق جۆره‌ها خزمه‌تگوزاریی بانكی پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیانیان ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ش پێشینه‌و قه‌رزه‌كان بۆ خانووبه‌ره‌و هاوسه‌رگیریی و پرۆژه‌ى بچووك و گه‌ىوره‌و مامناوه‌ند.