کاتى خۆى حکومەتى عێراق زیندانیى کردوون
زیندانیانى سیاسى دەیانەوێت هاوتاى بەغدا بکرێن
964+
دەشتی عارف ـ هەولێر
بەشێک لەو کەسانەى لەسەردەمى رژێمى پێشووى عێراق زیندانى کراون، ئەمڕۆ لە هەولێر هاتوونەتە سەرشەقام و داوا دەکەن موچە و ئیمتیازاتەکانیان هاوشێوەى موچە و ئیمتیازاتى زیندانییە سیاسییەکانى بەغداى لێبکرێت.
ئەمڕۆ سیشەممە 28.1.2025 بەشێک لە زیندانیانى سیاسى لە بەردەم وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان گردبوونەوە، داواکارى سەرەکیيان ئەوەیە موچە و ئیمتیازاتەکانیان هاوشێوەى زیندانییە سیاسییەکانى بەغداى لێبکرێت، چونکە وەک باسى دەکەن 10 ساڵە زیندانییە سیاسییەکانى عێراق دوو قاتى زیندانییە سیاسییەکانى هەرێم موچە وەردەگرن.
بە وتەى گەلاوێژ ساڵح کە زیندانییەکى سیاسییە و قسەى بۆ 964 کردووە، جگە لە موچەکانیان، لە ئیمتیازاتەکانیش بێبەشکراون بە تایبەت لە رووى هاوکاريى نەخۆشى درێژخایەن و پێدانى زەوى و هەندێ ئیمتیازاتى دیکە.
وەک ئەوەى زیندانییە سیاسییەکان باسى دەکەن، لە هەرێم ماوەى 10 ساڵ موچە دەدرێت بە زیندانیانى سیاسى، بەڵام لە عێراق درێژکراوەتەوە و بۆ ماوەى 25 ساڵ موچەیان پێدەدرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح