سەرۆكی شارەوانیی هەولێر:

“داوامان كردووە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە باغلومنارە خێراتر بكرێت”

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، داوایان لە كۆمپانیای جێبەجێكار كردووە كارەكانی گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بۆ زەوییەكانی باغلومنارە خێراتر بكرێت، وتیشی، كارەكان باش بەڕێوەدەچن.

كارزان عەبدولهادی ئەمڕۆ سێشەممە 28.1.2025 بە 964ی راگەیاند، كارەكانی گەیاندنی خزمەتگوزاری لە زەوییەكانی باغلومنارەی بەسەركردووەتەوە و كارەكان بە باشی دەڕۆن، وتیشی، “دەستخۆشیمان لە كۆمپانیای جێبەجێكار و ئەندازیاران و تیمەكانی كاركردن كردووە، كە كارەكان بە شێوەیەكی باش ئەنجام دەدەن”.

هەروەها وتی، داوامان كردووە كارەكان خێراتر بكرێن، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بتوانن خانوو لەسەر زەوییەكانیان دروست بكەن، كە ئێستا بەشێكیشیان خانوویان دروست كردووە”.

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئاماژە بەوەدا، كۆمەڵێك خزمەتگوزاری بۆ كەرتی باغلومنارە جێبەجێ دەكرێن، وەك راكێشانی ئاو و دروستكردنی ئاوەڕۆ، دانانی كریبستۆن و شۆستە و دروستكردنی شەقام و چەند كارێكی دیكە.

لە كارەكاندا جگە لە كۆمپانیای جێبەجێكار، تیمی خۆماڵیی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێریش كار دەكەن.

ساڵی رابردوو رەزامەندی درا بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ كەرتی باغلومنارە و دواتریش رەزامەندی درا كە هاوڵاتیان رێگەیان پێدەدرێت خانوو بە شێوەی دابەش دوو دروست بكەن.

كەرتی زەوییەكانی باغلومنارە، دەكەوێتە نێوان هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری لە هەولێر، لە سنووری نێوان رێگای مەخمور بۆ رێگای موسڵ.