وێنەی لەنیا جەمال ... لە فەیسبووکەکەی وەرگیراوە.
ناوى كوردستان له وێبسایته‌كه‌یان زیاد كرا
كچێکی کورد بووه جێگری سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی پەرلەمانی گەنجانی جیهان
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
لەنیا جەمال، كچێكی کورده پۆستێكی باڵاى له‌سه‌ر ئاستى گه‌نجانى جیهان پێدرا، ئه‌ویش جێگری سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی پەرلەمانی گەنجانی جیهانه.
پەرلەمانی گەنجان، رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە، ساڵی 2010 دامەزراوە، کاردەکات بۆ بنیادنانی توانای گەنجان و بەکارھێنانی توانایان لە پێناو جیھانێکی باشتر، لە ئێستادا 150 سەرکردەی گەنجی مەشقپێکراوی لە 81 وڵاتی جیاوازدا هه‌یه، کە وەک نوێنەری ئەو وڵاتە و باڵیۆزی گەنجانی ئەو وڵاتە کاردەکەن.
له‌نیا به 964ـى وت، دەستنیشانکردن و ھەڵبژاردنى وه‌كو جێگری سەرۆکی پەرلەمانی گەنجانی جیھان، لەم ھەفتەیە بووه و لە کۆبونەوەی بۆرد و دەستەی بەرێوەبەرانی رێکخراوه‌كه بڕیاری له‌سه‌ر دراوه.
وتیشی “ماوەی پێنج ساڵ نوێنەرایەتی کوردستان و عێراقم کردووە، وه‌كو كوردستانیش تاکە نوێنەر بوم کە وڵاتمان نەبووە و نوێنەری نەتەوە بووم”.
ئێستا ناوى کوردستان له‌سه‌ر وێبسایتى رێكخراوه‌كه زیادکراوە بۆ لیستی ئەو وڵاتانەی كه لە ئێستادا نوێنەریان ھەیە.
له‌باره‌ى هۆكارى هه‌ڵبژاردنى بۆ ئه‌م پۆسته، له‌نیا ده‌ڵێت، ھۆکاره‌كه‌ی چالاکی، ئەندامبون لەم پەرلەمانە بەشێوەیەکی کارا بۆ ماوەی چەند ساڵێک، هه‌روه‌ها بەشداری کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان و ئەو خەڵات و مەدالیا و پێزانینانەی پێشتر پێی بەخشراون، ئه‌مه‌و جگه له ھەبونی لینک و پەیوەندی زۆرباش لەسەر ئاستی ناوخۆی و نێودەوڵەتی لەگەڵ تیمی وڵاتانی دیكه.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، پێشتر له کوردستان چەندین چالاکیان ئه‌نجامداوە، له‌وانه‌ش کۆنفرانسی نێودەوڵەتی، ئیڤێنتی خەڵاتی پزیشکی ساڵ تایبەت بەو پزیشک و کارمەندانەی بواری تەندروستی کە رۆڵێکی گرنگیان ھەبووە لە رووبەڕوبونەوەی کۆرۆنا، هه‌روه‌ها چاوپێکەوتن و گەیاندنی پەیام و پرۆژەی گەنجان بە ناوەندی دەسەڵات و بریاردان، ئەنجامدانی کەمپەین بەشێوەی مەیدانی و ھەروەھا کەمپەینی سۆشیال میدیا، سازدانی ئیڤێنت و پانێل و گفتوگۆی کراوە تایبەت بە رۆژی جیھانی گەنجان.