پڕۆژەی ئاوی شارەزوور _ وێنە: 964
لە 2014ـەوە 44 کارمەندی نەماوە
ئاوی شارەزوور میرئاوی خانەنشین دەبێ و کێشەی بۆ دروست بووە
964+
ئەحمەد مستەفا
خانەنشین بوونی پێش وەختە، کێشەی بۆ فەرمانگەی ئاوی شارەزوور دروست کردووە، بە قسەی بەڕێوەبەرەکەی بێت، لە ساڵی 2014 وە کە دامەزراندن راگیراوە، 44 فەرمانبەری فەرمانگەکەی بەهۆکاری خانەنشینی، مردن و گواستنەوەی راژە لە میلاکیان نەماون.
بڕیاری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە خانەشین کردنی فەرمانبەرانی لە دایكبووانی ساڵانی ( 1963 و 1964 و 1965 )، ژمارەیەک لە فەرمانگەکانی رووبەروی کەمی راژە یان میلاک دەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 25.1.2025، رەمەزان عارف، بەڕێوەبەری ئاوی شارەزوور بە 964ی وت، فەرمانگەکەمان شەش فەرمانبەری خانەنشین دەبێت، کە دەبووایە پاش سێ ساڵی تر خانەنشین بوونایە، کەلە میراوەکانن و ئیش پێکەری ترومپاکانن.
ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر کارەکانی فەرمانگەکە دەبێت، بە قسەی بەڕێوەبەرەکەیان، کاریگەری گەورە دەکاتە سەر کارەکانیان، لە کاتێکدا لە ساڵی 2014 وە میلاکیان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە و 44 فەرمانبەریان بە هۆکاری خانەنشینی، مردن و گواستنەوە لەلایان نەماون.
ئێستا فەرمانگەکە 76 کارمەندی هەیە، کە ژمارەیەک پڕۆژە دەکەوێتە چوارچێوەی کارەکانی، بەڵام بە خانەنشین بوونی ئەو شەش کارمەندە، تەنیا 70 کارمەند دەمێننەوە، رەمەزان عارف وتی، ئێمە فەرمانگەیەکی خزمەتگوزارین و کارەکانمان پەکی دەکەوێت، بۆیە هاوڵاتیان ئاگادار دەکەین لە سست بوونی ئیش و کارەکانمان، دەگەڕێتەوە بۆ کەمی میلاك.
پڕۆژەی ئاوی شارەزوور ئاوی نزیکەی 10هەزار هاوبەشی سنوورەکەی دابین دەکات، پڕۆژەیەکی ئاوی لەسەر چەم و کانیاوەکانی گوندی بێستانسوور هەیە، لەوێ ئاو ئاڕاستەی دانیشتووانی قەزاکە دەکرێ و میرئاوەکان دابەشی سەر گەڕەک و کۆڵانەکانی دەکەن، تا دەگات بە ماڵەکان.