رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاکان فیدان دەردەکەون _ وێنە: ئاژانسەکان
عێراق پەکە-کە دەردەکات؟
سەرچاوەیەکی دبلۆماسی: هاکان فیدان بۆ باسی هێزە کوردییەکان دێتە بەغدا
ئەحمەد مستەفا
هاکان فیدان، ناوە دیارەکەی ناو دەزگای هەواڵگری تورکیا، کە ئێستا ئەرکی وەزیری دەرەوەی لە ئەستۆیە، سبەی یەکشەممە بڕیارە بگاتە بەغدای پایتەختی عێراق، ژمارەیەک مەبەست لە پشت سەردانەکەوەن.
بەڵام، سەرچاوەیەکی دبلۆماسی دەڵێت، باسکردن لە رووبەڕوبوونەوەی هێزە کوردییەکان باسی سەرەکییە، چاوەڕوانی ئەنقەرە بۆ عێراق دووپات دەکرێتەوە، سەرەرای قەدەغەکردنی “پارتی کرێکارانی کوردستان”، خواستی تورکیا ئەوەیە بە فەڕمی “پەکە-کە” بە رێکخراوێکی “تیرۆریستی ناوزەد بکات و لەسەری خاکەکەی دووری بخاتەوە”.
رۆیتەرز زانیاری دەستکەوتووە، هاکان فیدان لە سەردانەکەیدا، لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی دیکەی عێراقی دەبینێت، بەڵام تائێستا هیچ زانیارییەک نییە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
سەردانەکەی فیدان، لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو دراوسێیە، لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و سنووربەزاندنی خاکی عێراق، لێدوانی توند و هەتا سکاڵا و بانگهێشتکردنی باڵیۆزی تورکیای لە عێراق بەدواهاتووە، کە بیانووی تورکیا بوونی چەکدارانی پەکە-کە بووە.
هەر ئەوەندەش نا، سەردانەکەی فیدان هاوکاتە لەگەڵ خواستی ئەو وڵاتە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل “یەپەگە” لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، کە لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشوی سوریا لە ساڵی رابردوو، ئەنقەرەش هۆشداریی داوە لە هێرشی نوێ ئەگەر چارەسەری نیگەرانییەکانی نەکرێت، کە بیانووەکەی سەلامەتی سنوورەکانیەتی.
جیاواز لەو پرسە، میدیاکانی تورکیا دەڵێن، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری لەگەڵ بەرپرسانی عێراق.