"ویستوویەتی بچێتەناو بەشی لەدایکبوونی منداڵان"
ئەندامێکی پاسەوانی سنور بەچەک هێرشی کردەسەر نەخۆشخانەی سەڵاحەدین
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئەندامێکی پاسەوانی سنور بەچەکەوە هێرشی کردەسەر کارمەندانی بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانەی گشتی سەڵاحەدین و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە قۆڵبەست کرا.
یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە964ـی وت، “ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 25.1.2025 ئەندامێکی پاسەوانی سنور کە خێزانەکەی دووگیان بووە و سەردانی بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانەکەی کردووە، ویستوویەتی خۆیشی بچێتە ناو بەشەکەوە، بەڵام لەلایەن کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە رێگری لێکراوە، بەوپێیەی نابێت پیاوان بچنە ناو بەشی ولادەوە، لەو کاتەدا گرژی دروست دەبێت و ئەفسەرەکە دەمانچەی لە کارمەندانی ناو نەخوشخانەکە دەرکردووە و پەلاماری داون و شەڕ دروست بووە”.
وتیشی، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکانی بەردەم نەخۆشخانەکە چەکدارەکەیان قۆڵبەست کردووە و لەئێستادا بەپێی بڕیاری دادگا دەستبەسەر کراوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.
هەفتەی رابردووش ژمارەیەک کەس بەشەق و زلە بەربوونە گیانی دکتۆر و کارمەندانی نەخۆشخانەی فێرکاری تکریت و لەوکاتەوە، بەبڕیاری پارێزگاری سەڵاحەدین، هێزی ئەمنی لەبەردەم سەرجەم نەخۆشخانەکان جێگیر کراوە، ئەمڕۆش هەر ئەو هێزە بوونە فریادڕەسی کارمەندانی نەخۆشخانەی سەڵاحەدین.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری