هێزەکانی پێشمەرگە لەکاتی راهێناندا. وێنە: وەزارەتی پێشمەرگە
بەرپرسی راگەیاندنی وەزیر بۆ 964 دەدوێ
بڕیارەکەی ترەمپ بۆ راگرتنی هاوکارییەکان پێشمەرگەش دەگرێتەوە؟
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ راگرتنی هاوکارییە دەرەکییەکان، وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، تا ئێستا هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیەیان بەدەست نەگەیشتووە.
شاکۆ عوسمان بەرپرسی راگەیاندنی وەزیری پێشمەرگە بە 964ـی وت، “لەبارەی بڕیاری راگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، تا ئێستا هیچمان بەدەست نەگەیشتووە”.
“بەپێی ئەو یاداشتنامە و لێکتێگەیشتنەی لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکاـدا هەیە، هاوکارییەکان تا مانگی ئەیلولی ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت”، شاکۆ عوسمان وای وت.
باسی لەوەشکرد، ئەو یاداشتنامەیە لە ساڵی 2022 واژۆکراوە و بۆ ماوەی چوار ساڵە، ئەمریکا و هاوپەیمانانیش پابەندن پێوەی، لە ئەگەری وەستاندنی ئەو هاوکاریانەش، لەڕێی کونسوڵخانەی ئەمریکاوە ئاگادار دەکرێنەوە.
شاکۆ عوسمان وتیشی، هاوکاریەکان سێ بەشن و هەریەکە لە دارایی و لۆجستی و چەک دەگرێتەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری
ئەمریکا موچەی پێشمەرگەی بۆ 15 ملیۆن دۆلار کەمکردەوە