"خەڵک پابەند نییە و زبڵێکی زۆر فڕێدەدەن"

ژینگەپارێزی هەولێر سەر و ژێری پردەکانی پاک کردەوە

شۆڕش قادری

رۆژانە زبڵ و پاشماوەیەکی زۆر لەسەر شەقام و پردەکانی پەڕینەوە فڕێدەدرێت، بۆیە ژینگەپارێزی هەولێر قۆڵی لێهەڵماڵی و سەر و ژێری پردەکانی پاککردەوە.

ژیار جەلال بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی هەولێر بە 964ـی وت، “بەسەرپەرشتی لیژنەکانمان لە بەڕێوەبەرایەی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە هەڵمەتێکی فراواندا، تەواوی سەر پرد و ژێر پردی پەرینەوەی ناو شار پاک کرایەوە”.

“رۆژانە خەڵکێکی زۆر بەسەر پردەکانی پەرینەوەدا هاتوچۆ دەکەن و زبڵ و خاشاکێکی زۆر فڕێدەدەن، بۆیە ئەگەر زوو زوو پاک نەکرێنەوە، بۆگەن دروست دەکەن و سیمایەکی ناشیرین بە شار دەبەخشن”، ژیار جەلال وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵمەتەکانیان هەفتانەیە و لەگەڵ ئەوەشدا تیمەکانیان بە شۆفڵ و تانکەری ئاو، تەواوی کۆڵان و شەقامەکانی عەلوەی کۆنی سەوزە و مێوەیان  پاک کردووەتەوە.