ژمارەیەک کرێکار لە کارگەیەکی ئاسن کار دەکەن - وێنە: قایمقامیەتی سلێمانی
دەسەڵاتی داخستنیان پێیە
لیژنەیەک لە سەلامەتی و تەندروستی کرێکارانی کارگەکان دەکۆڵنەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
لیژنەیەکی هاوبەش لە قایمقامیەتی سلێمانی بەدواداچون بۆ رەوشی کرێکار لەشوێنی کار دەکەن، ئەوان گرنگی بە لایەنی سەلامەتی و تەندروستی دەدەن، مەرجیان هەیە و هەر کارگەیەک پێوەی پابەندنەبێ بڕیاری داخستنی دەدەن.
بڕیارەکە وایە کە، هەر کۆمپانیا، یان کارگە و شوێنکارێک پێشێلی مافە یاساییەکانی کرێکاران بکات سزا دەدرێت، بە سزای ماددی قورس، یان داخستنی شوێنەکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22.1.2025، سەبرییە عەزیز، سەرۆکی لیژنەی سەلامەتی کرێکار لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە 964ی وت، ئەو لیژنەیەی پێکهاتووە لە نوێنەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و رۆژانە چاودێری رەوشی کرێکار دەکات، وە بە تایبەت لێپێچینەوە لەلایەنی سەلامەتی و تەندروستی دەکات.
بە قسەی سەرۆکی لیژنەکە، پێویستە لە کارگە و شوێنکارەکاندا هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی سەلامەتی کرێکار بگیرێتەبەر و رەچاوی لایەنی تەندروستیش بکرێت، وە لە شوێنی مانەوەو پشودان و نانخواردنی کرێکاراندا رێگە نادرێت کەمتەرخەمی بکرێت و رەچاوی رێنماییەکان نەکرێت.
سەرۆکی لیژنەی سەلامەتی کرێکار، لەبارەی بونی گلەیی کرێکاران لە شوێنی مانەوەو نانخواردن، یان ماوەی زیاتر کاری پێکرا، یان دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ نەکرابێت، وتی، ئەو کرێکارە دەتوانێت پەیوەندی بە لیژنە هاوبەشەکانەوە بکات و بەدواداچوون بۆ سکاڵاکەی دەکرێت.