رووداوەکە هەفتەی رابردوو لە کەرکوک روویدا

شۆفێر تەکسی ئەو منداڵەی سەگ پەلاماریدا و گیانی لەدەستدا، دەستگیر کرا

کاروان ساڵحی – کەرکوک

شۆفێری ئەو منداڵەی بە هۆی پەلاماری سەگەوە لە کەرکوک گیانی لە دەستدا، لە لایەن بنکەی پۆلیسی ئازادیەوە دەستگیرکرا.

سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی ئازادی بە 964ـی  وت، “دەستگیرکردنی ئەو شۆفێرە لەسەر بڕیاڕی دادوەری دادگای کەرکوک و بە پێی مادەی 411ـی سزادانی عێراقی بووە”.

وتیشی، دەستگیرکردنی ئەو شۆفێرە دوای ئەوە هات، کەسوکاری منداڵەکە لە دوای گیان لەدەستدانی منداڵەکەیان، سکاڵای یاساییان لە بنکەکەیان تۆمارکردووە بە هۆکاری کەمتەرخی شۆفێرەکە کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی کوڕەکەیان.

ڤیان جەلال، پارێزەر لە دادگای کەرکوک بۆ 964 وتی، “لە مادەی 411 ساڵی 1969 لە یاسای سزادانی عیراقی هاتووە، هەر کەسێک بە هەڵە کەسێک بکوژێت یان ببێتە هۆی گیان لەدەستدانی بەبێ مەبەست، لە ئەنجامی کەمتەرخەمی، بێباکی، بێ بایەخی، وریانەبوون، یان پابەندنەبوون بە یاسا و رێسا و فەرمانەکان، سزا دەدرێت بە زیندانیکردن کە لە ساڵێک کەمتر نەبێت یاخود سزای دارایی دەکرێت بە بڕی 300 هەزار دیناری عیراقی”.

رۆژی 11.1.2025 لە شاری کەرکوک منداڵێکی تەمەن 10 ساڵان بە ناوی ئەلەند ئەیمەن رەمزی، سەگی بێلانە پەلاماری دەموچاو و ران و چەند شوێنێکی دیکەی جەستەیان دا و بە سەختی برینداریان کرد، دواتر گەیەنرایە نەخۆشخانەی ئازادی، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر