دوو کەس کەسێکیان بریندار کردووە

تەقەکەرانی سەر رێگای دەربەندی رانیە دەستگیر کران 

توانا نەقی

لەسەر رێگای رانیە – دەربەند شەوی رابردوو شەڕەتەقەیەک لە نێوان سێ کەس کە دووانیان تۆمەتبارن روویدا و دووانیان ئەوی دیکەیان بریندار کردبوو، دواتریش هەڵاتبوون، ئێستاش پۆلیس دەڵێت دەستگیریان کردوون.

ئەمڕۆ دووشەممە پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو یەکسەر چوونەتە شوێنی رووداوەکە نزیک گوندی قوڕەگۆ بۆیان دەرکەوتووە کە دووکەس شەڕەتەقەیان کردووە و کەسێکیان بریندار کردووە، بەڵام تۆمەتبارەکان هەڵاتبوون.

دەروو قادر وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە 964ـی وت، شەڕەکە لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بووە و دوو کەس کە خەڵکی رواندز بوون، تەقەیان لەو کابرایەی دیکە کردووە کە خەڵکی رانیەیە و برینداریان کردووە.

وتیشی، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دوو چەکی جۆری دەمانچەی کڵۆک و ئێم فۆڕێک و چەند شانەیەک دەستی بەسەردا گیراوە.

ئێستا تۆمەتباران (ف، ع، ح لەدایکبووی 1987) و (ف، س، هـ لە دایکبووی 1992)  بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی مادەی 31/405 لە یاسایی سزدانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.