وێنەیەك لە كارەكانی پڕۆژەكە
"ناوچەی پەرەپێدان"
پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ قەرەبووی گردجوتیار کەوتە بواری جێبەجێکردن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئاو و تۆڕی ئاو بۆ قەرەبووی گردجوتیار “ناوچەی پەرەپێدان” لە هەولێر دەستپێكرد، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێریش دەڵێت، پێشبینیی دەكەن بە كەمتر لە ساڵێک تەواو ببێت.
پڕۆژەكە بە بڕی یەك ملیار و 753 ملیۆن و 348 هەزار دینار ئەمڕۆ یەكشەممە 19.1.2025 دەستیپێكرد و کاری هەڵکەندن بۆ پڕۆژەكە ئەنجامدرا.
رابەڕ حوسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، وردەكاری لە بارەی پڕۆژەكە بۆ 964 باس كرد و ئاماژەی بەوەدا، پڕۆژەكە پێكدێت لە دانانی تۆڕ ئاو لەگەڵ دروستكردنی دوو عەمباری ئاو، هەروەها دانانی دوو سێتی ترومپا “مزەخە”، هەروەها کاری میکانیک و کارەبا.
وتیشی، پڕۆژەكە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم جێبەجێ دەكرێت، هەروەها كارەكان لە لایەن كۆمپانیای لێستەر ئەنجام دەدرێن.
“دانانی تۆڕی ئاو و ئەو كارانە ساڵێكی دەوێت، بەڵام پێشبینیی دەكەین ئەو پڕۆژەیە بە كەمتر لە ساڵێك تەواو بكرێت، كە خزمەتێكی زۆر بە ناوچەكە دەگەیەنێت”، رابەر حوسێن وای وت.
لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بەڵێنی ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیەی بە جوتیارانی ناوچەی گردجوتیار دا و ئەمڕۆ كارەكان دەستیپێكرد.