پێشانگەی شێوەكاری

“گۆڕینی خەون بۆ وێنە” لە هەولێر نمایش دەكرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

هونەرمەند گەیلان عەبدوڵا لە هەولێر پێشانگەیەكی شێوەكاری كردەوە و دەڵێت، كۆنسێپتی پێشانگەكەی پڕۆژەیەكی هونەرییە بۆ گۆڕینی خەون بۆ وێنە.

پێشانگەكە ئەمڕۆ یەكشەممە 19.1.2025 لە گەلەری میدیا لە هەولێر لە ژێر ناونیشانی “خەونەكانی گۆنا” كرایەوە و پارێزگاری شار و ژمارەیەك هونەرمەند و ئارەزوومەندی بواری شێوەكاری ئامادەبوون.

گەیلان عەبدوڵا، بە 964ی وت، ئەم پرۆژە هونەرییە گۆڕینی خەونە بۆ وێنە، گواستەوە و گێڕانەوەی زمانەوانییە بۆ بەرجەستەبوونی وێنەیی خەون، واتە لە رێگەی رەگەزەکانی هونەر بۆ زیاتر تانوپۆ بەخشین بە لێکدانەوە وێنەییەکانی ئەم خەونانە فەرامۆش نەکراون.

هەروەها دەڵێت، تابلۆیەكانی له یەک کاتدا پیشاندەری خەون و لێکدانەوەی خەونیشن، واتە هونەر ئەو ئازادییە بەم تابلۆیانە دەبەخشێت کە بتوانێت لە بەرانبەر هەموو دەلالەتێکدا کراوە بێت.

لە پێشانگەكەدا 16 تابلۆی تایبەت نمایش كراون و پێشانگەكەش تا 31ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

گەیلان عەبدوڵا كێیە؟

گەیلان عەبدوڵا ئیسماعیل، لە ساڵی 1983 لە هەولێر لەدایک بووە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر – بەشی شێوەكارییە لە 2006، دواتر کۆلیژی هونەرەجوانەکانی هەولێری خوێندووە و لە 2010 دەرچووە.

خاوەن بڕوانامەی ماستەرە لە هونەری هاوچەرخ و میدیای نوێ لە زانکۆی ڤانسێن سانت-دێنیز لە شاری پاریسی فەڕەنسا لە 2017، ئێستاش قوتابیی دکتۆرایە لە زانکۆی سەڵاحەدین – کۆلێژی هونەرەجوانەکان.

ژیان و کاری هونەری لە کوردستان و دەرەوە دەکات.

گەیلان عەبدوڵا براوەی خەڵاتی باشترین لاوی ساڵە لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە ساڵی 2008، بەشداری چەندین نمایشی هاوبەش لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتیش کردووە.

گەیلان وەك شارەزایانی هونەری شێوەكاری دەڵێن، دوو کارەکتەری جیاوازە لە هونەری شێوەکاریدا، هونەرمەندێکی ئەکادیمیستە و هەمیشە تابلۆ دەکێشێت، لە هەمان کاتدا هونەرمەندێکی هاوچەرخە و کارەکانی لە پێرفۆرمانس و هونەری جەستە – فۆتۆگرافی و ڤیدیۆئاڕت و ئەنستەڵەیشن پێکهاتووە.

خانوویەکی کەلەپووری دەکرێت بە مۆزەخانەیەکی هونەری

خانوویەکی کەلەپووری دەکرێت بە مۆزەخانەیەکی هونەری