پاڵپشتی باوک بۆ کچەکەی
تەمەنی 14 ساڵە و حەوت ساڵە پەرەگلایدین دەکات
ئەمەل ناجی – هەورامان
رۆژین فەرید وەرزشوانە گەنجەکەی وەرزشی پەرەگلایدین، کە لە تەمەنی حەوت ساڵیەوە و بۆ ماوەی حەوت ساڵە سەرقاڵی ئەو وەرزشە پڕ سەرکێشیەیە، یەکەمجار بەهۆی باوکیەوە ئاشنای وەرزشەکە بووە.
هەر لە تەمەنێکی بچووکییەوە لەلایەن باوکیەوە راهێنانی پێکراوە، پێنج ساڵی سەرەتا لەگەڵ کەسێکی دیکەدا فڕیوە یان لە گردێکی نزمەوە بە تەنیا فڕیوە هەتا بە تەواوی فێربووە، و ماوەی دوو ساڵیشە بە تەنیا لە لوتکە بەرزەکانەوە دەفڕێت.
رۆژین دەربارەی هەبوونی مەترسی لەم سەرکێشیەدا بە 964ی وت، مەترسیەکی ئەوتۆی نییە، وەک شۆفێری وایە، یاساکان وەکخۆی جێبەجێبکە و کێشەت نابێ، فڕینیش پێویستی بە شوێن و کەشوهەوای گونجاو هەیە، ناکرێت لە کەشوهەوای نالەباردا بفڕیت، شوێنەکەش ئەبێت بەرز بێت و دار و درەختی لێنەبێت، و شوێنی گونجاویش هەبێت بۆ نیشتنەوە.
دەربارەی ئەوەی بەم تەمەنە بچووکەوە هیچ کێشەیەک هەیە؟ رۆژین وتی، تەمەن پێوەر نییە بۆ فڕین، تەنیا پێویستە کەسەکە تەندرووست بێت و نەخۆشی درێژخایەنی نەبێت، و توانای فڕینی هەبێت، لە رووی یاساییشەوە هیچ رێگریەک بۆ تەمەن نییە.
رۆژین خەڵکی هەورامانە و لە سلێمانی دادەنیشێت، لە یانەی وەرزشی هەورامانە، کە یەکەمین یانەیە کە کچی تەمەن بچووکی تێدایە و بەو لێهاتوویەوە دەفڕن، لە ئێستاشدا تەنیا لە هەورامان و بە دیاریکراویش لە ئەحمەدئاواوە دەفڕن، پێشتر لە شاری سلێمانیش لە شاخی گۆیژەوە فڕیون بەڵام ئێستا لێیان قەدەغە کراوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا