ئەمساڵ 23 کەس لەسەر داربڕین لە سلێمانی دەستگیر کراون

لە مێرگەپان 40 داربەڕوو قەتڵوعام کران؛ لە بەرزنجەش داربڕێک دەستگیرکرا

شۆڕش قادری

لەگەڵ بەردەوامی وەرزی سەرما، بڕینی دار و تێکدانی ژینگەی کوردستان لەلایەن تەوربەدەستەکان بەردەوامە و لە سنوری مێرگەپانی سلێمانی 40 داربەڕوویان قەتڵوعام کرد، لە بەرزنجەش مشاربەدەستێک دەستگیر کرا و لە ناڵپارێزیش سێ کورە خەڵوز تێکدران.

هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، “مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستانی مێرگەپان بە مەبەستی پاراستنی سروشت و ژینگە، دەستیان کردووە بە کێوماڵکردنی سنورەکەیان، دوای گەڕان و پشکنین کۆمەڵێك داری سروشتی لە جۆری بەڕوویان بینیوە کە لە لایەن سەرپێچیکارانەوە بڕاونەتەوە و ژمارەیان نزیکەی 40 دار دەبێت”.

“لەکاتی بینینی ئەو رووداوە کەس لە شوێنەکە نەبووە، بۆیە کەس لەسەر ئەو بابەتە دەستگیر نەکراوە و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانمان بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران بەردەوامە”، هێمن کەمەرخان وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەسنورى ناحیەى بەرزنجەى سەربە قەزاى سەید سادق، مەفرەزەکانى بنکەى پۆلیسى دارستانى بەرزنجە، کەسێکیان بەتۆمەتى داربڕین دەستگیر کردووە و  دەستیشیان گرتووە  بەسەر ئۆتۆمبێلێک و مشارێکی داربڕین، پەڕاوى لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتە و بۆ وەرگرتنى رێکارى یاسایی، رادەستی دادوەر کراوە.

هێمن کەمەرخان وتیشی، مەفرەزەکانى بنکەى پۆلیسى دارستانى ناڵپارێز لە سنورى گوندى (کۆڵیتان ) سێ کورەى خەڵوزیان تێکداوە و لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەى خاوەنى کورە خەڵوزەکان دەستى پێکردووە.

بەپێی ئامارێک کە 964 لە ئەکاونتی تایبەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وەریگرتووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، 23 کەس لە سنوری پارێزگای سلێمانی لەسەر داربڕین دەستگیر کراون.