ئامێری تیشکی ددان لە قەزای چۆمان _ وێنە: تەندروستی سۆران
تەندروستی بۆی دابین کردن
مەچن بۆ سۆران؛ چۆمان ئامێری تیشکی ددانی بۆ هات
964+
ئەحمەد مستەفا
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران دەڵێت، لە قەزای چۆمان بۆ یەکەمین جار ئامێری تیشکی ددان “OPG” بۆ نەخۆشخانەی گشتی قەزاکە دابینکرا.
ئەوانەی پێویستیان بە تیشکی ددانە، دەتوانن بچن بۆ نەخۆشخانەکە.
لە راگەیەندراوێکدا ئەمشەو 18.1.2025، تەندروستی سۆران لە هەژماری خۆی باسی لەوەکردووە، لە پێناو باشترکردن و دابینکردنی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکان لە نەخۆشخانەکانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لەسەر بریاری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران ئامێرەکە دابین کراوە.
ئەمە یەکەمین جار لە قەزای چۆمان و لە کەرتی گشتی و تایبەتدا ئامێری تیشکی ددان “OPG” لەسەر بودجەی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران بۆ نەخۆشخانەی گشتی چۆمان دابینکراوە.
تەندروستی سۆران دەڵێت، بە دابینکردنی ئەم ئامێرە گرنگە، چیتر هاوڵاتیان سەردانی نەخۆشخانەکانی سۆران و کەرتی تایبەت ناکەن، بۆ گرتنی ئەم تیشکە کە تێچوویەکی زۆری لەسەر شانی هاوڵاتیان دەبوو.
ئامێری تیشکی ددان؛ OPG