رێگای چەمچەماڵ -سەنگاو
دوكانێكی سەوزە بێ فرۆشیار كراوەتەوە و خەڵک سەوزە دەبەن و پارەکە جێدەهێڵن
عەزیز عەبدوڵا + چەمچەماڵ
دوکانێکی سەوزەوات بێ فرۆشیار لەسەر رێگای سەنگاو بۆ چەمچەماڵ سەوزە دەفرۆشێت و خاوەنەكەی دەڵێت ئاگای لێنییە و خەڵك بۆخۆیان سەوزە دەبەن و پارەكەی دادەنێن.
ئاسۆ محەمەد خاوەن دوکانەكەیە و بە 964ی وت، “ماوەی دوو ساڵ دەبێت دوکانێکی سەوزەم کردووەتەوە لەسەر رێگای چەمچەماڵ بۆ سەنگاو، هیچ کەس لەسەر دوکانەکە کاری فرۆشیاری ناکات و هاوڵاتیان بۆ خۆیان دێن پێداویستییەکانیان دەبەن و پارەکەی دەکەنە دەخیلەکەوە و دەڕۆن،
راشیگەیاند، “بەیانیان زوو سەوزەکان دەهێنم و جێی دێڵم، سوپاس بۆ خوا لە هەموو ئەو کەسانەش رازیم کە سەردانم دەکەن، هەر کەسیش پارەی پێنەبوو یان باری دارایی خراپ بوو بابێت بە دڵی خۆی سەوزە ببات، گەردنی ئازابێت، هاوڵاتیانیش لە پاکیی بەرهەمەکان رازین و هەمیشە پەسندی دەکەن.
محەمەد عەبدوڵا هاوڵاتییە و دانیشتوی قەڵادزێیە بە 964ی وت، “من ماوەی دوو ساڵ دەبێت ئەم دوکانە دەبینم کراوەتەوە لە سەر ئەم جادەیە و منیش لێرەوە هاتوچۆ دەكەم، كەسی لێ نییە و هەركەس سەوزەی خۆی دەبات و پارەكە جێدەهێڵێت، ئەم كارەش جێگای شانازییە بۆ سنوورەکە.
وتیشی، “خۆم پێشمەرگەم لێرە هەر کاتیش من دێم بۆ دەوام سەوزە بۆ برادەرن دەبەم، کە دەگەڕێمەوەش لێرەوە سەوزە دەبەمەوە بۆ قەڵادزێ، زۆر لێی رازین، لەبەر ئەوەی پاکوخاوێنە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا