3555 مینیش لەناوبراون

بەراورد بە 2023 ژمارەى قوربانیانى مین لە 2024 کەمى کردووە

964+

وریا فەتاح

سەرۆکى دەزگای گشتیی كاروباری مین لە هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت، بەراورد بە ساڵى 2023، ژمارەى برینداربوون و گیان لە دەستدان بەهۆى مینەوە لە 2024 کەمى کردووە.

جەبار مستەفا بە 964ـى وت،” لە ساڵی رابردوودا لە رێگەی تیمەكانی ئەوان و كۆمپانیا و رێكخراوەكانی تایبەت بە كاروباری مین دوو ملیۆن و 958 مەتر دووجا زەوی كوردستان لە مین پاككراونەتەوە و 3555 مینیش لەناوبراون.

هەرچەندە لە ساڵى 2023دا 19 کەس لە هەرێمى کوردستان بەهۆى تەقینەوەى مینەوە گیانیان لەدەست دابوو و 23ـى دیکە بریندار بوون، بەڵام بە وتەى جەبار مستەفا ئەو رێژەیە لە 2024 دا کەمى کردووە، بە شێوەیەک لەو ساڵەدا تەنیا 4 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7ـى دیکەش بریندار بوون.

سەرۆکى دەزگاکە روونیشى کردەوە، هەر لە ساڵى 2024 دا، توانیویانە 21 هەزار پارچە تەقەمەنى نەتەقاوە لەو ببەن.

“776 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە زەوى هەرێمى کوردستان مینڕێژ بوو، توانراوە 559 کیلۆمەترى پاک بکرێتەوە و ئێستا تەنیا 217 کیلۆمەتر ماوە پاک بکرێتەوە”، سەرۆکى دەزگاى مین واى وت.

لە بارەى ئامارى قوربانیانى مینەوە ئاشکراى کرد، تائێستا 13 هەزار و 580 کەس بەرکەوتەى مینن (گیانلەدەستدان و بریندار)، بەڵام ئامارى وردتر نییە و پێشبینى دەکەن 5000 کەسیان گیانیان لەدەست دابێت بەهۆیەوە و ئەوانى دیکە کەمئەندام بووبن.

کێڵگە مینەکان چەند کەسیان کەمئەندام کردووە؟

کێڵگە مینەکان چەند کەسیان کەمئەندام کردووە؟