ژمارەیەک کارتی نیشتمانی _ وێنە: 964
لێكۆڵینەوە دەكەن
عێراق رەتیدەكاتەوە ناسنامەی عێراقی دابێتە 10 هەزار بیانی
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتیدەکاتەوە بەڕێوەبەرایەتییەکانی باری شارستانی، رەگەزنامەی ساختەی عێراقییان بە 10 هەزار بیانی دابێت و لە كارێكی وەها تێوەگلابن.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆییەك بڵاوكراوەتەوە و باس لە تێوەگلانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی باری شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات، كە گوایە پاسپۆرت و بەڵگەنامەی ساختەیان بە 10 هەزار كەسی بیانی داوە.
وەزارەتەكە شەوی رابردوو بڵاویكردەوە، “لێرەدا دەمانەوێت ئەوە روون بکەینەوە، کە بەشە پەیوەندیدارەكان لە وەزارەتی ناوخۆ هیچ كاتێك ژمارەیەكی وا زۆر مامەڵەی ساختەیان تۆمار نەكردووە، بەڵكو تەنیا دوو حاڵەت لە ساڵی 2022دا هەبووە کە لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە دۆزرانەوە و رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر”.

نووسینگەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی عێراقی لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا کرایەوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەرسوڕمانیی خۆیان لە تۆمەتی بەردەوامیی ساختەکاری دەربڕی، جەختیشی لەوە کردەوە کە، بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگە بە سیستێمكی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو کاردەکەن، كە هیچ ساختەکارییەکی تێدا ناكرێت، ئەمە جگە لە بوونی لێکۆڵینەوەی ورد پێش دەرکردنی هەر کارتێکی نیشتمانی، چونکە بنەمایە بۆ هەر هەڵگرێک، وەک دەركردنی پاسپۆرت، کە بە چەند قۆناغێک تێدەپەڕێت پێش ئەوەی بدرێت بە هەر کەسێک.
وەزارەتى ناوخۆی عێراق هەروەها داوا دەكات هەرکەسێک بەڵگەى هەبوونى ئەو جۆرە ساختەکارییانەى هەیە، لە بری بڵاوكردنەوەی لە سایت و سۆشیال میدیاكان، بیداتە لایەنە پەیوەندیدارەكان.
ئاماژە بەوەش دەکەن، لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکان دەكەن کە لە ڤیدیۆكەدا بڵاوكراوەتەوە و پێویستە ئەو كەسەی بڵاویكردووەتەوە، لە ماوەی حەوت رۆژدا راستیی بابەتەكە بسەلمێنێت، بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی پێویستی بەرامبەر دەگرنەبەر.
