لە دوێنێوە بێسەروشوێنە

ئۆتۆمبێلی جوتیارە کوردەکە لە سنووری پردێ دۆزرایەوە

کاروان ساڵحی – کەرکوک

ئۆتۆمبێلی جوتیارە کوردەکە لە سنووری ناحیەی پردێ دۆزرایەوە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی جوتیارەکەش بەردەوامە.

ئێوارەی دوێنی هەینی 3.7.2026 جوتیارێکی کورد لە دەشتاییەکانی سنووری ناحیەی پردێ بێسەروشوێن بوو، سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان لە دوێنی شەوەوە دەستیانکردووە بەکێوماڵکردنی ناوچەکە، بەیانی ئەمڕۆ توانیان ئۆتۆمبێلەکەی کە لە جۆری پیکابە، لە نزیک گوندی کتکە بدۆزنەوە.

964 لەزاری چەند سەرچاویەکی سەربازی و ئەمنی زانیویەتی کە ئەو شوێنە دەکەوێتە سنووری سوپای عێراق و چەندین جار حاڵەتی رفاندنی جوتیاران لەو ناوچەیە روویداوە و دواتر بەپارە ئازاد کراون.

بە گومانی ئەو سەرچاوانە، پێدەچێت ئەو جوتیارەش لەلایەن گروپە چەکدارەکان و شانە نووستووەکانی داعشەوە بۆ پارە رفێندرابێت.

جوتیارەکە ناوی هەردی زەینەڵ و خەڵکی گوندی قەزنەفەری ناحیەی پردێـیە، لەدایکبووی ساڵی 1989ـە و باوکی چوار منداڵە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری