لە جیاتى حکومەت
ژمارەیەک گەنج چاڵوچۆڵی شەقامەکانى رزگارى پڕدەکەنەوە
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
نۆژەنکردنەوەى شەقامەکان و پڕکردنەوەى چاڵوچۆڵییەکان ئیشى حکومەتە، بەڵام ژمارەیەک گەنجى ناحیەى رزگاى خۆبەخشانە بەو کارە هەستاون.
ئەمڕۆ ھەینی 17.1.2025، ژمارەیەک گەنج لە ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلار، خۆبەخشانە چاڵوچۆڵی شەقامەکانی ناحیەیەکەیان پڕکردەوە و پینەیان کرد.
یاسین حەمە ئەمین، سەرپەرشتیاری گروپی ژینگەدۆستانی ناحیەی رزگاری بە 964ـى وت،”داوامانکرد لە کۆمپانیایەک گەڵابەیەک قیری بۆ دابینکردین، ئێمەش چاڵوچۆڵی شەقامی سەرەکی بازاڕی ناحیەی رزگاریمان پڕکردەوە”.
“شەقامەکە درێژیەکەی نزیکەی کیلۆمەترێکە، چاڵی زۆری تێدایە ھاوڵاتیان و شۆفێرانی ھەراسان کردبوو، چەندینجار داوا لە لایەنی پەیوەندیدار کرابوو نۆژەنبکرێتەوە، بەڵام بە بیانوی نەبوونی پارە دەسکاری نەکراوە”،یاسین حەمە ئەمین وای وت
وەک باسى دەکات، بەوە ناوەستن و نیازیانە هەینى داهاتووش لەگەڵ هاوڕێکانى چاڵوچۆڵییەکانى شەقامێکى دیکەى ناحیەکەیان پڕبکەنەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح