پێش ئەوەی لە ماڵ دەرچیتە دەرەوە کەسێک ئاگادار بکەوە

Getty Images

میدیازان – زەید کۆچەر – بەردەڕەش

کەمال عەلی زێباری، ماڵەوە جێدەهێڵێت و دەچێتە موسڵ، بەڵام کەس لەو رۆیشتنە ئاگادار ناکاتەوە کە بۆ ئەو بووە رۆیشتنی مەرگ. دوای ٢٤ کاتژمێر، تەرمەکەی دەدۆزرێتەوەو کەسوکاری دەڵێن، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە

کاتژمێر ١١ـی پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ١٣ـی تشرینی یەکەم، کەمال عەلی زێباری (٥٥ ساڵ) کە دانیشتووی قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆکە، سلف لە ئۆتۆمبێلە ئۆپتڕا مۆدێل ٢٠٠٩ــیەکەی دەدات و بێ ئەوەی هیچ کەسێک ئاگادار بکاتەوە بەرەو موسڵ دەکەوێتەڕێ، شەویش ناگەڕێتەوە ماڵ و لەهیچ شوێنێکیش کەس سۆراغی نەزانیوە.

بۆ بەیانی هەینی، لەلای راستی موسڵەوە کۆمەڵێک کەس، نزیک بەنزینخانەی ئەکەد، کەمال زێباری بە مردووی لەناو ئۆتۆمبێلەکەی دەبینن و لەرێگەی مۆبایلەوە خانەوادەکەی لێ ئاگادار دەکەنەوە.

کوڕە گەورەکەی کەمال عەلی بە میدیازانی راگەیاند، دەستبەجێ چووینە موسڵ و تەرمی باوکمان بردە پزیشکی دادی دهۆک، وتی “بەپێی راپۆرتی پزیشکی بێت، باوکم بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە”.

محەمەد، کوڕە گەورەی کەمال زیاتر روونی کردەوە، لەو کاتەی گەیشتووەتە سەر تەرمی باوکی، هیچ شوێنەوارێکی ئەشکەنجە بە جەستەیەوە نەبووەو هیچ کەلوپەل و جزدانی پارەشی لێ نەدزراوە، بۆیە “ئەو ئاماژانە نیشانی دەدەن کە کەس زیانی بە باوکم نەگەیاندووە”.

کەمال عەلی زێباری، ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوەو باوکی سێ منداڵە، کەسێکی کاسب بووەو کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کردووە، ئەمەش وایکردووە بە “کەمال مەعرەزچی” لەناو خەڵک بناسرێت، بەگوێرەی زانیارییەکانیش هەر بۆ کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل چووەتە موسڵ.

قەزای بەردەرەش، ٨٥ کیلۆمەتر لە دهۆکەوە دوورە، بەڵام تەنیا ٤٦ کیلۆمەتر لە موسڵەوە دوورەو ئەمەش پاڵنەرێکی سەرەکییە کە خەڵکی ئەو قەزایە کە تاوەکو راپەڕین، سەر بە موسڵ بووە، ئێستاش هەر هاتوچۆی ئەو شارە بکەن بۆ کارو کاسبی.