حاڵەتى گرژبوونى ماسولکە
پزیشکەکان وا دەڵێن:
70%ـى خەڵک لە ژیانیدا لانیکەم جارێک تووشى گرژبوونى ماسولکە دەبێت
وریا فتاح
بەپێى توێژینەوە پزیشکییەکان، 70%ـى خەڵک لانیکەم جارێک لە ژیانیدا بەبێ هیچ هۆکارێک تووشى گرژبوونى ماسولکەکانى قاچى دەبێت.
هەریەک لە پسپۆڕان سێرگی ئاگاپکین و ئەلێکسی خوخرێڤ ئاماژەیان بەوە کردووە، بەزۆرى گرژبوونى ماسولکە پەیوەندى ماندووبوونى زۆرى جەستەیى یان ئاوى ساردەوە هەیە، بەڵام هەندێکجار نیشانەن بۆ نەخۆشى.
ئەو دوو پسپۆڕە هۆکارى سەرەکى گرژبوونى ماسولکەکانى قاچیان بۆ ئەم چەند ئەگەرە گەڕاندووەتەوە:
1- کەمی کالیسیۆم و مەگنیسیۆم لە جەستەدا.
2- نەخۆشی خوێنبەرەکان بەتایبەت لە بەشى خوارەوە.
3- نەخۆشی شەکرە کاریگەری لەسەر سووڕی خوێنى دەمار هەیە و بە تۆڕێکی بچووکی دەمارى ریشاڵى کۆنترۆڵی ماسولکەکان دەکات، بۆیە نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی گرژبوونیان بە ئازارەوە.
ئەمانە سێ هۆکارى سەرەکى گرژبوونى ماسولکەن، بەڵام چەند هۆکارێکى دیکەى لاوەکى هەین کە دەبنە هۆى گرژبوونى ماسولکە، بەتایبەت بەکارهێنانى دەرمان.
وەک ئەو پسپۆڕانە باسى دەکەن، مەرج نییە هەرکاتێک گرژبوون روویدا دوو دڵى دروست ببیت، چونکە 70ـى خەڵک لانیکەم جارێک توشى ئەو حاڵەتە دەبن.