گۆرانیەک بۆ ژینا ئەمینی خەڵاتی گرامی وەرگرت

+964
هیرۆ مەولودی

شەروین حاجی پور، گۆرانیبێژی ئێرانی، خەڵاتی “گۆرانی بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی” لە لایەن خەڵاتەکانی گرامی بردەوە کە بۆ برەودان بەو خۆپیشاندانانەی لەدوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی دروستیکردبوو.

ئەو گۆرانیەی شەروین کە بە تویتەکانی خۆپیشاندەرانی ئێرانی لە کاتی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی نوسرابوو، بووە گۆرانییەکی ناسراو، کە نەک تەنیا لە ئێران، بەڵكو لە هەمو جیهان دەنگیدایەوە.

لە مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتەکە کە شەوی رابردوو بەڕێوەچوو، جیل بایدن خانمی یەکەمی ئەمریکا خەڵاتەکەی بە شەروین پێشکەش کرد کە خۆی لە ناو مەراسیمەکە نەبوو و وتی، “گۆرانیەک دەتوانێت یەکگرتوویی دروستبکات و هەوێنی شۆڕش بێت و لە کۆتاییدا جیهان بگۆڕێت”.

شەروین حاجی پور دوای وەرگرتنی خەڵاتی گرامی، لە هەژماری خۆی لە تویتەر و ئینستاگرام نوسیویەتی، “ئێمە بردمانەوە”.

خەڵاتەکانی گرامی لە ئەمریکا بە یەکێک لە بەناوبانگترین خەڵاتەکانی بواری مۆسیقای جیهان ناسراوە و بردنەوەی ئەم خەڵاتەش وەکو دەستکەوتێکی بە نرخ هەژمار دەکرێت بۆ خاوەنی بەرهەمەکە.