بۆ رێگری کردن لە بڕینەوەی دار

دانیشتووانی گوندی تەلان خۆیان چاودێری گوندەکەیان دەکەن

964+

ژێوار خدر

ماوەیەکە لە گوندی تەلانی سنووری قەزای دوکان، کەسانێک دەستییان کردووە بە بڕینەوەی داری سەوز و ئەمەش دانیشتووانی گوندەکەی بێزار کردووە و دەڵێن ئیتر لەمەودوا خۆمان چاودێری ژینگەی ناوچەکە دەکەین و هەرکەسێک ئەو کارە بکات، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین و دەدیدەینە دادگا.

یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، بڕینەوەی دار ماوەیەکە لە گوندەکەمان بووە بە دیاردە و زۆر زیادی کردووە، خەریکە ژینگەی گوندەکەمان تێکدەچێ، بۆیە ئەنجومەنی گوندەکە بڕیاریانداوە، لەمەودوا خەڵکی گوند خۆمان چاودێری ژینگەی ناوچەکە بکەین بۆ رێگری کردن هەم لە بڕینەوەی دار و هەمیش راوکردن لە ناوچەکەماندا.

وتیشی، ژمارەی خۆمانمان داوە، بە سەرجەم شوانەکانی ناوچەکە و جگە لەوەی خەڵکی گوندەکە چاودێری دەکەن، شوانەکانیش بەشدار دەبن لەگەڵمان و لە ناوچەکەدا دەگەڕێن، هەرکەسێک ببینن دار دەبڕێتەوە راستەوخۆ ئەنجومەنی گوند ئاگادار دەکەنەوە، بۆ ئەوەی سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار بکرێت.

باسی لەوەشکرد، لەم ماوەیەدا نزیکەی 100 داری سەوز لە گوندەکەیان بڕاونەتەوە، کە زۆربەیان داری بەڕوون و تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 20 ساڵ دەبێت، دەشڵێت، ئەوان کێشەیان نییە لەگەڵ بڕینەوەی داری ووشک و پۆلیسی دارستانیش رێگەی بە بڕینەوەی داری وشک داوە، بەڵام بڕینەوەی داری سەوز نایاساییە و زیانێکی زۆریش بە ژینگەی ناوچەکە دەگەیەنێت.

“پاراستنی ژینگە هەر ئەرکی ئێمە نییە و ئەرکی هەمووانە، ئێمە ساڵانی رابردووش خۆمان هاوکاری پۆلیسی دارستانمان کردووە و ئاگادارمان کردووەنەتەوە لە هەر سەرپێچییەکی ژینگەیی کە لە گوندەکەمان روویدابێ و بەردەوامیش دەبین لە هاوکاری کردنییان، چونکە گوندەکانی سنووری دوکان زۆرن و لەوانەیە پۆلیسی دارستان نەتوانێت فریای کۆنتڕۆڵ کردنی هەمووی بکەوێت.” ئەو گوندنشینە وای بە 964 وت.

گوندی تەلان دەکەوێتە سنووری قەزای دوکان و ئێستا بووە بە دوو بەش، لە باکوورەوە ھاوسنوورە لەگەڵ شارۆچکەی دوکان، لە باشوور لەگەڵ گوندی سردی گەورە، گوندی تەلانی خوارووش کەوتووەتە رۆژھەڵات و گوندی دووئاواش لە رۆژهەڵاتیەوەیەتی، نزیکەی 30 ماڵ لە هەردوو بەشی گوندەکەدا هەن.