کۆبوونەوە مێژوویەکەی پیرمام

ئەمە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی بارزانی و مەزڵوم عەبدییە

+964

لە بارەی کۆبوونەوەکەی پیرمامەوە بارەگای بارزانی ئەم راگەیەندراوەی بڵاوکردووەتەوە:

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مەزلووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.
لەم دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.
هەر لەم دیدارەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.

لاى خۆیەوە هۆشەنگ دەروێش، نوێنەرى ئەنجومەنى سووریاى دیموکرات لە هەرێمى کوردستان بە 964ـى وت،”کۆبوونەوەکە بۆ جەختکردنەوەبووە لە یەکڕیزى ناوماڵى کورد و گۆڕانکارییە نوێکانى سوریا و گرنگى یەکهەڵوێستى کورد بۆ گۆڕانکارییەکان”.