لاڤرۆڤ نایەت بۆ هەولێر
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا لە بەغدایە و سەردانی هەولێر ناکات، بڕیارە تەنیا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆببێتەوە و تاوتوێی ئاسایشی وزە و خۆراک بکەن.
سەرچاوەیەک لە کونسوڵخانەی روسیا لە هەولێر بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە کارنامەی سەردانەکەی سێرگی لاڤرۆڤ، هەولێری تێدا نییە و نایەتە هەولێر.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، درەنگانێکی رۆژی یەکشەممە لاڤرۆڤ بە سەرۆکایەتی شاندێکی گەورە کە لە “کۆمپانیاکانی نەوت و گاز و وەبەرهێنەران” پێکهاتووە گەیشتە بەغدا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق لە زاری سەحەفەوە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دوو شەممە لاڤرۆڤ چاوی بە هاوتا عێراقییەکەی فوئاد حسێن دەکەوێت.
بەپێی کارنامەی سەردانەکەی، دواتر لاڤرۆڤ لەگەل محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق کۆدەبێتەوە.