دوای سێ ساڵ لە پەککەوتنی، 150 رۆژیان بۆ تازەکردەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
دوای سێ ساڵ لە پەککەوتنی، پرۆژەی دروستکردنی رێگەی دوو سایدی گەڕەکی باروتخانەی کەرکوک درا بە وەبەرهێنێکی دیکە و کارەکانی دەستیپێکردەوە.
رۆژی یەکشەممە، 4/2/2023 ژمارەیەک ئەندازیار و سەرۆکی شارەوانی کەرکوک بە شێوەیەکی مەیدانی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار چوونە سەر پرۆژەکە و ماوەی 150 رۆژیان بۆ تەواوکردنی راگەیاند.
شارەوانی کەرکوک لە پەیجی خۆیان لە فەیسبوک رایگەیاند، “لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری جیا جیا کە پەیوەندییان بەکۆمپانیای جێبەجێکارەوە بوو، پڕۆژەکە دواکەوت.”
دەشڵێت، ئێستا کارکردن لە پڕۆژەی جووت سایدی باروتخانە دەستیپێکردووەتەوە و “هەموو هەوڵەکانمان خستەگەڕ بۆ زوو جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.
پێشتر ئاوەڕۆی جووت سایدی باروتخانە تەواوکراوە و تەنیا قیرکردن و دانانی رووناککەرەوە و سەوزکردنی ناوەڕاستی شەقامەکە ماوە.
پرۆژەکە پێکدێک لە شەقامێکی 30 مەتری و نزیکەی حەوت کیلۆمەتر درێژە و دەیان دووکان لەسەر ئەو شەقامە هەن.
لە ساڵی 2019 کاتێک بڕیاری جێبەجێکردنی پرۆژەکە درا، وادەی 300 رۆژ بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە دیاریکرا.