لە سۆران
نرخی ئاژەڵ روو لە دابەزینە و کا و جۆش تا دێت گران دەبێت
964+
ئاکام غەفور – سۆران
ماوەی مانگێکە نرخی ئاژەڵی زیندوو روو لە دابەزینە بە جۆرێک کە نرخی هەر کیلۆکیەکی بە زیندە قەپان واتە بە زیندویی، نزیکەی دوو هەزار دینار دابەزیوە.
ئەو ئاژەڵانەی کە زیاتر کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت، مەڕ و بزن و مانگایە، فرۆشیارانیش دەڵێن، وشکە ساڵی و بێ بارانی هۆکاری سەرەکی هەرزان بوونی نرخی ئاژەڵە و هەر ئەو بێ بارانیەش نرخی کا و جۆی بەرز کردووەتەوە.
مام حسێن وەرتی، فرۆشیاری ئاژەڵە و بۆ 964 دەڵێت، وشکە ساڵی هۆکاری دابەزینی نرخی ئاژەڵە، لەگەڵ ئەوەش بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ زۆر لاواز بووە.
وەک ئەو فرۆشیارە باسی دەکات، لەگەڵ کەم بارانی نرخی کا و جۆش بەرز بووەتەوە، دەڵێت، لە هاوین نرخی جوتێ فەردەی کا چوار هەزار دینار بوو ئێستا بووە بە هەشت هەزار دینار.
ئیسماعیل عالی، مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ دەکات و دەڵێت، لە رابردوو نرخی جوتێ مەڕ بە مامەڵەی هەڕەمەکی، بە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار بوو بەبێ ئەوەی بەرخی لەگەڵ بێت، ئەمڕۆ بە ملیۆنێک و 100 هەزا کڕیومە کە بەرخیشی لەگەڵە.
باس لەوەش دەکات، لە هاوین نرخی تۆنێک جۆ 360 هەزار دینار بووە، ئێستا نرخەکەی گەیشتوە بە 600 هەزار دینار کە لەگەڵ کەم بارانی نرخی ئاژەڵ دادەبەزێت و ئالیک گران دەبێت.
بەپێی قسەی فرۆشیارانی مەیدانی ئاژەڵانی سۆران بێت، نرخەکان لەگەڵ مانگێک پێش ئێستا بەم جۆرەن، مانگا لە نزیکەی حەوت هەزار دینار دابەزیوە بۆ کەمتر لە پێنج هەزار دینار، هەرچی گیسک و کاوڕە لە نۆ هەزار و 10 هەزار دینار دابەزیوە بۆ نزیکەی حەوت هەزار دینار.
پێداچوونەوە: توانا نەقی