سەرۆک بڕیار دەدات
رۆژانی نزیكی داهاتوو چارەنووسی “میستەر ئەنچیلۆتی” یەكلادەكرێتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دوای شكستی یارییەكەی كلاسیكۆ بەرامبەر بارسێلۆنا، پرسیار لە بارەی داهاتووی كارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەری ریال مەدرید دەكرێت، میدیای ئیسپانیاش دەڵێن رۆژانی نزیكی داهاتوو چارەنووسی میستەر یەكلادەكرێتەوە.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی ئاشكرای كردووە، لە رۆژانی نزیكی داهاتوو، سەرۆكی یانەی ریال مەدرید فلۆرێنتینۆ پێرێز لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یانەكە خۆزێ سانچێز، لەگەڵ راهێنەری تیپەكە كارلۆ ئەنچیلۆتی كۆدەبنەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەكە، كۆبوونەوەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی تیپەكەیە، بە تایبەتی دوای شكستەكەی بەرامبەر بارسێلۆنا لە یاریی كۆتایی سوپەری ئیسپانیا.
رۆژنامەكە دەڵێت، دانانی ئەو كۆبوونەوەیە، مانای هێشتنەوەی ئەنچیلۆتییە، هەرچەندە بەشێكی هاندەران داوای دوورخستنەوەی دەكەن.
لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەی دیكەی میدیایی لە ئیسپانیا دەڵێن، یاریی داهاتوو بەرامبەر لاس پالماس، دوادەرفەتە بۆ ئەنچیلۆتی و ئەگەر سەركەوتن و گۆڕانكاری لە تیپەكە بەدەست نەهێنێت، دووردەخرێتەوە.
گرێبەستی ئەنچیلۆتی لەگەڵ مەدرید تا 2026 واژۆ كراوە و ئەگەر دووربخرێتەوە، گران لەسەر خەزێنەی یانەكە دەوەستێت و دەبێت پارەی تەواوی پێبدەن، جگە لەوە هێنانی راهێنەرێكی دیكەش هەر مەسروفێكی زۆری گەرەكە.
ریال ئەم وەرزە دوو كلاسیكۆی بە بارسا دۆڕاندووە، ئەمەش بە ئاسانی قبوڵ ناكرێت و لە یاریی شەوی رابردووش، بەشێكی هاندەران فیكەی ناڕەزاییان بۆ ئەنچیلۆتی لێدا.
ریال مەدرید ئەم وەرزە ئاست و ئەنجامەكانی وەك پێویست نین، هەرچەندە لە لالیگا ركابەری لەسەر نازناوەكە دەكات، بەڵام لە چامپیۆنزلیگ وەك پێویست دەرنەكەوتووە و ئەوەتا جامی سوپەریشی بە ریسواییەكی زۆر دۆڕاند.
ئەوەی كە زەحمەتیشە بۆ ئەنچیلۆتی لە قۆناغی داهاتوو، سەرۆكی یانەكە بڕیاری داوە لە مێركاتۆی زستاندا هیچ گرێبەستێك واژۆ نەكەن، ئەمەش رێگرە لە رێكخستنەوەی تیپەكە و بەهێزكردنەوەی، چونكە پێكانی بەشێكی یاریزانان، بە تایبەتی لە هێڵی بەرگری، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ شكستەكانی مەدرید و تیپەكە یاریزانی پێویستی لە بەرگریدا نییە، بۆیە میستەر ئەنچیلۆتی ناچارە چوامینی و ڤالڤێردی و یاریزانی دیكە لە بەرگری یاریی پێبكات، كە ناشتوانن بە پێی پێویست ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن.
رۆژانی داهاتوو چارەنووسی كارلۆ ئەنچیلۆتی لەگەڵ تیپی شاهانە بە تەواوی روون دەبێتەوە و هاندەرانی یانەكە، چاوەڕێی گۆڕانكاری و باشتربوونی تیپەكەیان دەكەن، چونكە ئەو ئاست و ئەنجامانەی ئێستای تیپەكە، جێی نیگەرانییەكی گەورەیە.