لە کاتی باراندا ئاستی بینین کەمدەبێتەوە

گوندنشینان داوای هێما و هێڵی هاتوچۆ دەکەن بۆ رێگای خێرای باشماخ

+964

کامیار کەمال- پێنجوێن

هاوڵاتیانی چەند گوندێکی نزیکی پێنجوێن داوا دەکەن هێڵی جادە و هێمای هاتوچۆ بۆ رێگای خێرای باشماخ دابنرێت، چونکە بە وتەی خۆیان لە کاتی بارانبارین، جادەکە بەجوانی نابینن بە تایبەت لە شەودا.

دوای زیاتر لە 10 ساڵ کارکردن، رێگای خێرای باشماخ لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو کرایەوە و هەر ئەوکاتیش سەرپەرشتیاری پرۆژەکە رایگەیاند، پرۆژەکە %100 تەواو نەبووە و کاری ماوە.

هەرێم نامیق، دانیشتووی گوندی نزارە، ئەمڕۆ 964ی ئاگادارکردەوە، کە بەهۆی نەبوونی هێڵی جادە و هێمای هاتوچۆوە لە کاتی شۆفێری کردن ئاستەنگیان بۆ دروست دەبێت بە تایبەت لە شەو و کاتی بارانباریندا.

وتیشی، خودی خۆی دووجار نزیک بووە لەوەی توشی رووداوی هاتوچۆ ببێت، چونکە لە کاتی باران بارین لایتی ئۆتۆمبێلەکانیان دەوری نامێنێت و رووناکی ئەدەنەوە و چاویان لەبەردەمی خۆیان نابێت.

رێگای خێرای باشماخ دوو ئینتەرچەینجی تێدایە و یەکێکیان ناحیەی گەرمک و پێنجوێن بەیەکەوە دەبەستێتەوە و جگە لە رێگای گوندەکان هاوینان رێگای سەرەکی جوتیارانی پێنجوێنە.

کاری دانانی هێمای هاتوچۆ و هێڵی جادە و کارەبا و گاردرێل لای کۆماپانیای جێبەجێکارە و پەیوەست نییە بە بەشی ئەندازەی هاتوچۆوە و بۆ ئەم مەبەستە 964 پەیوەندی کرد بە ئەندازیار ئەرستۆ محەمەد، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە وتی، دەبێت حکومەت پارە سەرف بکات بۆ تەواوکردنی پرۆژەکەیان.

محەمەد ئەرستۆ باسی لەوەکرد، سەرجەم پرۆژەکە یەک چین قیرکردن و دانانی گاردرێل و کارەبا و هێمای هاتوچۆ و هێڵی جادەی ماوە و بۆ ئەوەش پێویستیان بە 10 ملیار دیناری دیکە هەیە و دەبێت حکومەت بۆیان خەرج بکات.

وتیشی، تا ئێستا حکومەتی یەک ملیار دیناری کۆمپانیاکەیان نەداوە کە هی کارەکانی پێشوویانە و تا پارەش خەرج نەکەن ناتوانن کار بکەنەوە لە پرۆژەکە و لەکاتی خەرجکردنی پارەکەش پێنج مانگ کارکردنیان پێویستە بۆ ئەو کارانە.

پرۆژەی رێگای خێرای باشماخ، 10کیلۆمەتر رێگای دوو سایدە لە مەرزی باشماخەوە بۆ نزیک شاخی ملەکەوە و رێگاکە بە ناو گوندی راوگاندا دەڕوات و بارهەڵگر و تانکەرەکانی لە ناو سەنتەری قەزاکە دورخستوەتەوە.

لە دوای کردنەوەی جادەی باشماخ لە دوو روداوی هاتوچۆی جیاوازدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە کە رووداوی یەکەمیان شێلان بووە و رووداوی دووەمیش پێکدادان بووە.

پێداچوونەوە: هاوبەش

بەرگرى شارستانى عێراق هۆشدارى دەدات

بەرگرى شارستانى عێراق هۆشدارى دەدات