"لە هەولێرەوە بۆ بەغدا دەگوازرایەوە"
لە بازگەیەکی خورماتوو شەش تۆن دەرمانی پزیشکی دەستی بەسەرداگیرا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
لە بازگەیەکی باشووری قەزای خورماتوو، شەش تۆن دەرمانی پزیشکی دەستی بەسەرداگیرا، کە لە هەولێرەوە بە ئاراستەی بەغدا دەگوازرایەوە.
لیوا حوسێن عەلی بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتیی خورماتوو بە 964ـی وت، “ئەمشەو لە بازگەی سەرحەی باشووری قەزاکە، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە لایەن هێزەکانمانەوە پشکنینی بۆ ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە بڕی شەش تۆن دەرمانی جۆراوجۆری پزیشکی بارکردووە، کە هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی و پشکنینی وەزارەتی تەندروستی پێنەبووە و ویستویەتی بە شێوەی نایاسایی بارەکە لە هەولێرەوە بگوازێتەوە بۆ شاری بەغدا”.
“تەواوی بارەکە دەستی بەسەرداگیراوە و ئێستا لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە پشکنین بۆ دەرمانەکان دەکرێت، نەوەک مادەی هۆشبەری تێدابێت، شۆفێرەکەش دەستگیرکراوە و لە ژێر لێکوڵینەوەدایە”، لیوا حوسێن عەلی وای وت.
بەپێی زانیارییەکانی 964 تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا، لە بازگە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای سەڵاحەددین، پێنج باری قاچاخ لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە و سەرجەم شۆفێرەکانیان دەستگیرکراون و لێکوڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری