چه‌ند رۆژێكی تر هۆكارى مردنى ئه‌یوب ئاشكرا ده‌بێ

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

به‌پێی زانیارییه‌كانى تۆڕى964، هۆكارى مردنى ئه‌یوب نادیاره‌ و بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژێكی تر هۆكارى مردنه‌كه‌ى ئاشكرا بكرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ كه‌ تۆڕى964 له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌یوب، منداڵه‌ 13 ساڵییه‌كه‌، هیچ زه‌برێكی ده‌ره‌كى به‌ر جه‌سته‌ى نه‌كه‌وتووه‌ و هۆكارى مردنه‌كه‌شى تا ئێستا نه‌زانراوه‌.

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌ كه،‌ به‌هۆى نه‌زانینیى هۆكارى مردنه‌كه‌ى، دره‌نگانى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5ى شوباتى 2023، بریار له‌سه‌ر توێكاریكردنى ته‌رمه‌كه‌ى، له‌ پزیشكى دادى هه‌ولێر دراوه‌ و بڕیاریشه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا هۆكاره‌ راسته‌قینه‌كه‌ى مردنى ئاشكرا بكرێ.

دوای 13 رۆژ لە ونبوونی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5ى شوباتى 2023، پۆلیسی هەولێر رایگه‌یاند كه‌ تەرمەکەیان لە سنووری ناحیەی کەسنەزان دۆزیوەتەوە.

لە پاش دۆزینەوەی ته‌رمه‌شی، ئەحمەد، باوکی ئەیوب، بۆ رۆژنامەنووسان دووپاتیكردوه‌وه‌ كه‌ “ئەوە منداڵەکەی خۆمە”.

باوکى ئه‌یووب، پێشتر رایگەیاندبوو، کە كوڕه‌كه‌ى حاڵه‌تى “پەرکەم”ی لەگەڵدایە، ئەوە جۆرە نەخۆشییەکە کە مرۆڤ لە هۆشی خۆی دەچێت و ئاگای لە هیچ نامێنێت.

ئەو مێرمنداڵە لە رۆژی 24ی كانوونى دووه‌می 2023 دیارنەما، بنەماڵەکەی پێیانوابوو بەرەو ئاراستەی شەقامی 150 مەتری هەولێر، رۆیشتووه‌، بەڵام  له‌لایه‌ن خه‌ڵك و چه‌ندین تیمی تایبه‌تى حكومه‌ته‌وه‌ گه‌ڕان به‌دواییدا به‌رده‌وام بوو و هیچ سەرەداوێکیان دەستنەکەوت.