تایبەتمەندییەکانی چین؟

کۆمپانیای سێرکڵەر ئەنگوستیلەیەکی زیرەکی نوێ دەخاتە بازارەوە

رێبین هۆشیار

بە بڵاوکردنەوەی نەوەیەکی تری ئەنگوستیلە زیرەکەکەی، کۆمپانیای سێرکڵەر دەیەوێت رکابەری کۆمپانیای ئۆرا بکات کە تاکە رکابەرە لە گۆرەپانەکە بۆ ئەنگوستیلەی زیرەک.

ئەنگوستیلە نوێیەکەی سێرکڵەر کۆمەڵێک گۆڕانکاری و بەرەوپێشچون لەخۆ دەگرێت بە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی، کە شکستی هێنا، رووکاری دەرەوەی  ئەنگوستیلەکە بە تایتنیۆم داپۆشراوە کە بە رەنگی رەش و رەساسی و زێری و رۆز گۆڵد بەردەست دەبێت.

ماڵپەڕی TNW بڵاویكردەوە، بەرچاوترین تایبەتمەندی کە لە ئەنگوستیلەکەدا زیاد کراوە، بریتییە لە هەستەوەرێکی (سێنسەر) زیرەک بۆ چاودێریکردنی دڵ، هەستەوەرەکە دەتوانێت پێوانەی دڵ دیاریی بکات و بەکارهێنەر پێشوەختە ئاگادار بکاتەوە لە حاڵەتەکانی جەڵتە و نەگەیاندنی خوێن لە دڵەوە بۆ مێشک.

یەکێکیتر لە تایبەتمەندییەکانی بریتییە لە پێوانەکردنی درێژیی پەنجەکان، راستەخۆ لە نێو ئەپڵیکەیشنی تایبەت.

ئەمجارەیان بارگاویکەرەوەکەی وایارلێسیش دەبێت و باتری ئەنگوستیلەکە توانای خۆڕاگرتنی هەیە بۆ ماوەی هەشت رۆژ.

ئەنگوستیلەکەی کۆمپانیای سێرکڵەر وا بڕیارە لە کەمپەینێکی جەماوەری ئەم مانگە پیشان بدرێت و نرخیشی 380$  دەبێت.

ئەنگوستیلەکە گرانترە بە بەراورد بە ئەنگوسیلەکەی ئۆرا، بەڵام سێرکڵەر هیچ بڕەپارەیەکی مانگانە وەرناگرێت بۆ بەردەستخستنی تاتبەتمەندیەکانی ناو ئەنگوستیلەکە.