زیاتر لە 40 تۆن کەرەستەی جۆراوجۆریش لەناوبراون

ساڵی 2024 لە دهۆک 70 شوێنی جیاواز داخراون

ژێوار خدر

لە ساڵی 2024دا لە پارێزگای دهۆک 70 شوێنی جیاواز بەهۆی پانەندنەبوونییان بە رێنماییەکانەوە لەلایەن لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ و قایمقامیەتەوە داخراون، زیاتر لە 40 تۆن کەرەستەی جۆراوجۆریش لەناوبراون.

بەپێی ئامارێک کە قایمقامیەتی دهۆک بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2024دا لیژنەکانی چاودێریکردنی بازاڕ سێ هەزار و 100 سەردانیان ئەنجامداوە لەناو بازاڕی سەنتەری شاری دهۆک و 57 شوێنیان داخستووە، سزای پارەی 54 شوێنیان داوە، هۆشدارییشیان داوە بە 389 شوێن و چوار هەزار و 200 کەرەستەی جیاوازیشیان لەناوبردووە.

لە ئامارەکەدا هاتووە، لیژنەکانی بەدواداچوونی کارگە و کۆگاکان، ساڵی رابردوو 607 سەردانیان کردووە، 12 شوێنیان داخستووە، 34 شوێن سزا دراون، 102 هۆشدارییان پێدراوە و 290 کیلۆ کەرەستەش لەناوبراون.

لیژنەکانی چاودێریی کافیتریاکانیش 573 سەردانیان ئەنجامداوە، تەنیا یەک شوێن داخراوە، 13 شوێن سزادراون و هۆشدارییش دراوە بە 186 شوێن.

بە کۆی گشتیی سەرجەم چالاکییەکان، لیژنەکانی قایمقامیەتی دهۆک لە ساڵی رابردوودا، 70 شوێن داخراون، 101 شوێن سزا دراون، 677 هۆشداریی دراوە و چوار هەزار و 400 کەرەستەش لەناوبراون، جگە لەوەی پێنج هەزار و 500 ڤەیپ  و 371 پارچە جگەر و دڵی مریشکیش لەناوبراون.