پەیامیان بۆ پەرلەمان هەیە
کوردانی سکۆتلاند گردبوونەوە؛ بەریتانیا دەتوانێ رۆژئاوا بپارێزێ
964+
ئەحمەد مستەفا
رێکخراو و کۆمەڵەی کوردان و کورد نشینەکانی هەرێمی سکۆتڵاند لە بەریتانیا، بە ئامانجی ئەوەی پەڕلەمانی هەرێمەکەیان ئاگادار بکەنەوە، گردبوونەوە و داوایان کرد، بەرپرسانی هەرێمەکەیان و شانشینی بەریتانیا فشار بکەن، هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان رابگیرێن.
ئەوان بە دیاریکراوی، مەبەستیانە، نەک نیەتی تورکیا بۆ هێرشی سەر کۆبانێ و ناوچە کوردییەکان نەکرێتە کردار، بەڵکو فشار بکرێ گروپە چەکدارەکان خۆیان لە هێرشی سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و هێرش بۆ سەر خەڵکی سڤیل رابگرن.
ئەو گردبوونەوە لە کاتێکدایە، دۆخی سوریا لە رووی ئەمنی و سیاسی جێگیر نییە، باکوور و رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەش کە لەدەستی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە (رۆژئاوای کوردستان)، رووبەروی ژمارەیەک پێش هاتبووەتەوە، کە بەرچاوترینیان مەترسی ئەمنی و ئاسایشی ناوچە کودییەکانن.
رێکخراوی حەڤدەی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەگەڵ هەردوو کۆمەڵەی کوردی لە شارەکانی ئەدمبرە و گلاسگۆ بەشداری گردبوونەوەکە بوون، ئەمڕۆ سێشەممە 7.1.2024، ئاوات جەمال ساڵح، رۆژنامەنووس و چالاکوان لە بەریتانیا بە 964ی وت، ئامانجەکە ئەوە بووە، کە لەم رێگەیەوە پەڕلەمانی سکۆتلاند ئاگادار بکرێنەوە لەو هێرشانەی تورکیا و چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە بۆ سەر رۆژئاوا ئەنجامی دەدەن، وە ئەوانیش گوشار بکەن لە حکومەتی تورکیا بۆ وەستانی ئەو هێرش و دەستێوەردانانە.
لەو گردبوونەوەیە، بەیاننامەیەک بەناوی کوردانی نیشتەجێ، رێکخراو و کۆمەڵەی کوردان پێشکەش کرا، ژمارەیەک لە هاوڵاتی سکۆتلاندی بەشداربوون، هەروەها بە زمانی ئینگلیزی داواکرا، بەریتانیا وەک دەوڵەتێکی گەورە و کاریگەر، کە ئەمڕۆ رۆڵی گەورەی هەیە لە جیهان دا، رۆڵی بەرکاری خۆی بخاتەگەڕ، بۆ بچڕاندنی مەترسی لەسەر ناوچە کوردییەکان، کە خەڵکی سڤیل تێیدا باجێکی قورس دەدەن.
ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانە باسی لەوەکرد، لە سەرجەم ئەو گۆڕانکارییانەی کە روو دەدەن، بەریتانیا دەتوانی بەپێی پێگەی خۆی کاریگەری دروست بکات، بە تایبەت لە رێگەی پەڕلەمانەوە، هەروەها لە رێگەی دروستکردنی “رای گشتی” لە شەقامی بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا، بۆیە وەک دەبینین لە چەند رۆژی رابردوو، هەر یەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، هۆڵەندا و فەرەنسا پشتگیری رۆژئاوا یان کردووە.