رێگە نادرێت بێنەوە ناو هەرێمی کوردستان
27 کاتژمێرە هەزاران کەس لە مەرزی خابووری تورکیا گیریان خواردووە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
ماوەی 27 كاتژمێرە بەهەزاران هاوڵاتی و و گەشتیار لەناو مەرزی خابووری تورکیا کە هاوسنووری هەرێمی کوردستانە گیریان خواردووە و رێگایان پێ نادرێت بێنە ناو خاکی هەرێم بەبیانووی ئەوەی سیستەمی دەروازەکە کێشەی تێکەوتووە.
مەرزی خابوور لەدیوی ئەودیوی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلە، تورکیا بە مەرزی خابووری ناو دەبەن، رۆژانە هاتوچۆیەکی زۆری تیادا دەکرێت و بەشێک لە کاسبکارانیش ئامێری ئەلیکترۆنی و خواردەمەنی دەبەن لەو دیو دەیفرۆشن.
لەدوێنێ کاتژمێر 04:00 ئێوارەوە تا ئێستاش هاتوچۆ بەتەواوی لەدەروازەکە وەستاوە تەنیا حاڵەتێکی زۆر زەرور نەبێت، حکومەتی تورکیاش پۆلیسێکی زۆری لەکۆتا خاڵی خاکی تورکیا کە ناوچەی سلۆپیایە جێگیر کردووە و رێگا بەکەس نادەن بەرەو هەرێمی کوردستان بێن.
هۆشیار سندی، یەکێکە لەو کەسانەی کەزیاتر لە 24 کاتژمێرە رێگەی پێ نادەن بێتە زاخۆ بە 964ـی وت، “بەهەزاران کەس لێرەن ناتوانن بچنەوە زاخۆ، ژمارەیەکی زۆری خەڵکم بینی بەناچاری رێگای خۆیان گوڕی و بەرەو مەرزی سەرزێری رویشتوون کەنزیکەی 300 کیلومەتر لەمەرزی ئیبراهیم خەلیلەوە دوورە”.
وتیشی، نەخۆش، پیر، منداڵ و بازرگان و ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە چاوەڕوانی کردنەوەی رێگەن بۆیان و بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەکی باڵا لە مەرزی ئیبراهیم خەلیلەوە بە 964ـی راگەیاند، “لای ئێمە هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام دەبینین ناوە بەناوە کەسێک یان چەند کەسێک دێن، بەئێمەش وتراوە سیستەمەکەیان تێکچووە”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی